بافڵ تاڵەبانی: لەگەڵ گۆڕان كاردەكەین بۆ یەكخستنی جیاوازییەكانی نێو ماڵی كورد
  2021-07-29       830       

بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند، لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان لەچوارچێوەی هاوپەیمانی كوردستان كاردەكەن بۆ یەكخستنی جیاوازییەكانی نێو ماڵی كوردو دوای هەڵبژاردنەكانیش كاری لە پێشینەیان دروستكردنی بەرەیەكی فراوانە لەنێوان هەمو لایەنە سیاسییە كوردییەكان. دەشڵێت: ئێستا یەکێتییەکی نوێ ھەیەو ژیانی سیاسی و رێکخراوەیی لەسەر بنەمایەکی تەندروستی مەدەنی بەڕێوەدەچێت.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئەو قسانەی بافڵ تاڵەبانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەمیانی پێشوازیكردنیدا هاتون لە خوان خۆسێ ئیسكۆبار، باڵیۆزی  ئیسپانیا لە عێراق.

بافڵ تاڵەبانی، رایگەیاند، یەکێتی لەگەڵ لێکتێگەیشتن و زمانی گفتوگۆدایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و رەخساندنی زەمینەی لەبار بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کە وەڵامدەرەوەی خواستی ھەمولایەک بێت و ھاندەربێت بۆ سەقامگیری زیاتری سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوری.

رونیشیکردەوە، وەک یەکێتی و گۆڕان لەچوارچێوەی ھاوپەیمانی کوردستان کاردەکەین بۆ یەکخستنی جیاوازییەکانی نێو ماڵی کورد و دەمانەوێت وەک یەک تیم لە بەغدا داکۆکی لەمافە دەستوورییەکانمان بکەین.

بافڵ تاڵەبانی ئاشکراشیکرد، ھاوپەیمانی کوردستان لەپێناو یەکخستنی ھێزەکان، یەکڕیزی نیشتمانی و پارێزگاریکردن لەبەرژەوەندییە باڵاکان دروستبوە، دوای ھەڵبژاردنەکانیش کاری لەپێشینەمان دروستکردنی کۆدەنگی نیشتمانی و بەرەیەکی بەرفراوان دەبێت لەنێوان ھەموو ھێز و لایەنە سیاسییە کوردییەکان.

پەیوەست بەکاروباری ناوخۆیی و رێکخراوەیی، ھاوسەرۆکی یەكێتی باسی لە "گۆڕانکاری و چاکسازییەکان کرد کە بە ئاڕاستەی راستکردنەوەی رێڕەوی حیزبی ئەنجامدراون."

دوپاتیشیکردەوە "ئێستا یەکێتییەکی نوێ ھەیەو ژیانی سیاسی و رێکخراوەیی لەسەر بنەمایەکی تەندروستی مەدەنی بەڕێوەدەچێت و بەستراتیژێکی نیشتمانییەوە درێژە بەخەبات دەدەین."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×