توركیا دەڵێت: "هیچ بەڵگەیەك نییە بیسەلمێنێت هۆكاری روداوەكەی كۆنیا نەژادپەرستی بوبێت"
  2021-07-31       311       

سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی کۆنیا لەبارەی كوژرانی حەوت هاوڵاتی كورد دەڵێت: "هیچ سەرداوێک نییە بیسەلمێنێت هۆکاری نەژادپەرستی لە پشت شەڕەکەوە بوە."

ئاوێنە: سەرۆكایەتی داواكاری گشتیی كۆنیا لە راگەیەندراوێكدا وتوشیەتی"بۆ ئاشکراکردنی هەمو لایەنەکانی روداوەکە، لێکۆڵینەوەی ورد دەستیپێکردوە و لە دوای پشکنینی شوێنی روداوەکەش، تەرمەکان براونەتە پزیشکی دادوەری و دواتر رادەستی کەسوکاریان کراونەتەوە."

 هەر بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە ئەنجامە سەرەتاییەکانی لێکۆڵینەوەکان ئەوە زانراوە کە "هۆکاری روداوەکە دوژمندارییەکی 11 ساڵە بوە و لە 12ی ئایاری 2021یشدا بەهۆی شەڕی نێوان بنەماڵەکانەوە لێکۆڵینەوە لەگەڵ 16 گومانلێکراو دەستیپێکرد و 6یان زیندانیکران و تا ئێستاش دو کەسیان لە زینداندان. هەروەها لە 22ی ئایاری 2021 جارێکی دیکە شەڕ لە نێوان ئەو دو بنەماڵەیەدا دروستبوەوە و لێکۆڵینەوەکان لە 20 گومانلێکراوی ئەو روداوەش بەردەوامن."

سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی کۆنیا جەختی لەوە کردوەتەوە کە "لێکۆڵینەوە لەگەڵ هەمو ئەو کەسانە دەستیپێکردوە، کە ویستویانە روداوەکە بەلاڕێداببەن."

ئێوارەی رۆژی هەینی 30ی تەمموزی 2021، حەوت ئەندامی خێزانێکی کورد لە ناوچەی مەرامی شاری کۆنیا لە تورکیا بە دەستڕێژی گولـلە کوژران.

 بکوژانی ئەو خێزانە کوردە بۆ شاردنەوەی تاوانەکانیان ئاگریان لە ماڵی خێزانە کوردەکە بەردا، بەڵام بەئاگادارکردنەوەی دراوسێکان، ئاگرەکە لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە کوژێندرایەوە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×