2021-08-03   1265     
ئهمڕۆ شهش ڕۆژه سوتانى دارستانو شوێنە گەشتییارییەکانی توركیا لهناوچهكانى، ئەنتاڵیاو بۆدرومو شوێنەکانی تریش بهردهوامه، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستو قەوقازیش وهڵامى ئهردۆغانى داوهتهوهو دهڵێت:"تورکیا جگە لەپەکەکە دوژمنی ناوخۆییشی تریشی هەیە".
ئاوێنه: ڕۆژنامەی " ڤزگلیاد"ی ڕوسیی ڕاپۆرتێکی لەسەر هۆکارەکانی پشت سوتانی دارستانەکانی تورکیاو ئەو لایەنانەى كه ئهردۆغان تۆمهتباریان دهكات بهوكاره بڵاوکردۆتەوە، ئێستا گومانی ئهردۆغان لهسوتاندنی دارستانەکانی تورکیا بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان (پهكهكه) دەچێت، لەبەرئەوەی ماوەی چەندین دەیەیە تورکیا لەتورکیاو هەرێمو باکوری سوریا لەگەڵ ئەو پارتە کوردییە لەشەڕدایە.
لهبهرامبهریشدا ستانیسلاڤ تاراسوڤ بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستو قەوقاز بەڕۆژنامەی ڤزگلیادی ڕوسى وتوە، "تورکیا جگە لەپەکەکە دوژمنی ناوخۆییشی تریشی هەیە".
بهبڕواى ئهو، "لەناوچە کوردییەکاندا ململانێیەکی توند لەگەڵ دەوڵەت هەیەو بەردەوام سەرۆک شارەوانییو بەرپرسە هەڵبژێردراوەکانی دەگۆڕدرێت، ئەمەش ئەو وێنایە دروستدەکات کە دەوڵەت کۆنترۆڵی تەواوەتیی ناوچە کوردییەکانی پێناکرێت".
دەشڵێت:"لەتورکیا ئۆپۆزسیۆنێکی نهێنیی هەیە كە هەڵوێستی خۆی ئاشکراناکات، لەکاتێکدا پەکەكه ئەگەر دەستی لەوکارەدا هەبێت، دەتوانێت بەرپرسیارێتییەکە بخاتەسەر شانی خۆی".
ڕۆژنامه ڕوسیهكه پێیوابوه، "ئەوەی ڕودەدات نابێتە هۆی لەقبونی کورسییەکەی ئەردۆغان، هەرچەندە ئاگرەکان چەندین کەرتی ئابوریی ئەو وڵاتەی ئیفلیجکردوە، بەڵام بابەتەکە هەر لەڕوی زیانی ئابورییەوە کورتبۆتەوەو هێرشبەران نەیانتوانیوە ئامانجی قوڵو ستراتیژی وەک تێکدانی سەقامگیریی سیاسیی یان شڵەژانی هەڵوێستی دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە بەدەستبهێنن".