ئەمریكا دوایین هۆشداری دەداتە ئێران
  2021-09-09       593       

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا هۆشداریدەداتە ئێران بەوەی كە کاتی نامێنێت بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێکكەوتنە ناوەکییەکە.

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندووە، “کاتێک دیاریناکەم، بەڵام نزیک بووینەتەوە لەوەی بگەینە ئەو خاڵەی کە تیایدا بڵێین گەڕانەوە بۆ سەر ڕێکكەوتنە ناوەکییەکە ئەو سودەی نابێت کە پێشتر ڕێکكەوتنەکە هەیبووە.”

هاوكات هایکۆ ماس، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا وتی، دواخستنەکەی تاران زۆر دوور و درێژ بوو، بۆیە لەگەڵ هاوتا ئێرانیەکەیدا بە تەلەفۆن قسەیانکردووە و پێی وتووە، “خێراتر بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆکردن.”

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا پێشبینی ئەوەشی لە حکومەتەكەی ئیبراهیم ڕەئیسی كردووە، کە پشتیوانیی لە ئەنجامەکانی ئەو گفتوگۆیانە بکات کە تاوەکو ئێستا ئەنجامدراون.

ئەوەش دوای ئەوەدێت، ئیبراهیم ڕەئیسی دوای ئەوەی وەکو سەرۆکی ئێران دەستنیشانکرا، پێشنیاری ئەوەیکرد گفتوگۆکان بۆ دووبارە زیندووکردنەوەی ڕێکكەوتنە ناوەکییەکەی نێوان ئێران و وڵاتانی دیكە بۆ ماوەی دوو تا سێ مانگی دیکە دوابخرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×