رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند، وڵاتەكەی راگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی پەكەكە بە بڕیارێكی گرنگ دەزانێت و دەشڵێت، توركیا هەنگاو بەرەو ئامانجەکەی دەنێت، كە خۆی لە تورکیایەکی "خاڵی لە تیرۆردا دەبینێتەوە."
ئاوێنە: ئەرۆغان، ئەمڕۆ دوشەممە، دوای کۆبونەوەی حکومەتی تورکیا لە کۆمەڵگەی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا لە ئەنقەرەی پایتەخت، لە وتارێكدا ئاماژەی بەوەكرد: تورکیا راگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بە بڕیارێکی گرنگ دەزانێت لە ڕوی بەهێزکردنی ئاسایشی وڵات و، ئاشتی ناوچەیی و، برایەتی هەمیشەیی رۆڵەكانی کۆماری تورکیا.
وتیشی: بە چونە دەرەوەی تیرۆر و توندوتیژی لە هاوکێشەکەدا، دەرگاکانی سەردەمێکی نوێ لە هەمو بوارەکاندا دەکرێتەوە، دیارترینیان، بەهێزکردنی توانا دیموکراسیەکانە بۆ کاری سیاسی.
ئەردۆغان راشیگەیاند: لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی پەكەكە و دانانی چەک، ئەو رۆژانە كۆتاییانهات کە خێزانەکان رۆژانە هەواڵی ماڵوێرانکەریان پێدەگەیشت، بۆ ماوەی ساڵانێكی درێژ.
جەختیشكردەوە، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بە هەمەلایەنە و گشتگیر دەزانین، کە هەمو لقەکانی ئەو رێکخراوە لە سوریا و باکوری عێراق و ئەوروپا دەگرێتەوە.