چین: دەستوەردانەکانی ئەمریکا لەکاروباری وڵاتان قبوڵکراو نیە
  2021-09-13       423       


وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین رایگەیاند، حکومەتی وڵاتەکەی نیگەرانە لە دەستوەردانەکانی ئەمریکا لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتان، باوەڕیشیان وایە دواین هەوڵی واشنتن بۆ دەستوەردان لەهەڵبژاردنەکانی روسیا "قبوڵکراو نیە".

ئاوێنه‌: تشاو لیگیان، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، پەکین پشتیوانی لە هەوڵەکانی مۆسکۆ دەکات بۆ قبوڵنەکردنی دەستوەردانەکانی ئەمریکا لە هەڵبژاردنەکانی ناوخۆی روسیا.

ئاماژەی بەوەشکردوە، چین باوەڕی وایە دەستوەردانەکانی ئەمریکا  لەکاروباری ناوخۆیی وڵاتان و لەناویشیاندا هەڵبژاردنەکانی روسیا  "قبوڵکراو نیە".

10ی ئەیلول سێرگی ریابکۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا و باڵیۆزی ئەمریکا لەمۆسکۆ کۆبونەوە، لەکۆبونەوەکەدا وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاند، بەڵگەیان دەستکەوتوە کە چەند کۆمپانیایەکی گەورەی ئەمریکا کە لەبواری تەکنەلۆژیادا کار دەکەن هەوڵی دەستوەردانیان داوە لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی وڵاتەکەیان کە 19ی ئەیلول بەڕێوەدەچێت.

جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا باسی لەوەکردوە، کۆمپانیا ئەمریکییەکان پێشێلکاری یاساکانی روسیایان کردوە و مۆسکۆ رێگە بەهیچ لایەنێک نادات دەستوەردان لەکاروباری ناوخۆیی وڵاتەکەیدا بکات.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×