ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم "پلانی نیشتمانیی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ" پەسەندکرد
  2021-09-15       461       

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆیدا "پلانی نیشتمانیی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ (2021- 2025)" پەسەندكرد. مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانیش لەكۆبونەوەكەدا بە پێویستی زانی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن "بەشێوەیەکی ئارام و مەدەنیانەو دور لە ناوزڕاندن و یەکترشکاندن بەڕێوەبچێت."

ئاوێنە: ئەمڕۆ چوارشەممە، بەسەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆبونەوەی هەفتانەی ئەنجامدا.

بەپێی راگەیەندراوێكی حكومەتی هەرێم، لە دەستپێکی کۆبونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران تیشکی خستە سەر ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و جەختی لەوە کردەوە، کە "پێویستە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن، بەشێوەیەکی ئارام و مەدەنیانەو دور لە ناوزڕاندن و یەکترشکاندن بەڕێوەبچێت."

مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد کە "ئەم هەڵبژاردنە، بۆ ئەوەیە نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، داکۆکی لە بەرژەوەندییە گشتیەکان و ماف و شایستەکانی خەڵکی کوردستان بکەن و پێویستە ململانێ و کێبڕکێی نێوان حزب و لایەنە کوردستانییەکانیش، بە ئاراستەی بەرگریکردن بێت لە پرسە نیشتمانییەکان و مافەکانی گەلی کوردستان."

هەروەها ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە "گرنگیی رۆڵی بێلایەنانەی دامودەزگا ئیداری و ئەمنییەکانی حکومەتی هەرێم و میدیاو رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کردەوە لە سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن بەگوێرەی یاسا بەرکارەکان، بەشێوەیەک پێویستە ئامانجی سەرەکی هەمو حزب و لایەنە کوردستانییەکان ئەوە بێت، لە بەغدا بەیەکەوە داکۆکی لە مافە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندییە باڵاکانی خەڵک بکەن."

پاشان لە لایەن ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆو وەزیرە پەیوەندیدارەکان، هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی چەند بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیران خرایەڕو کە تایبەت بون بە قەدەغەکردنی سیمکارتی بێ بەرایی و ئەنجامی لێکۆڵینەوە لە کوالێتی ئاردی هاوردەکراو لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان لە روی خۆراکی و تەندروستییەوە. ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە لە زو جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە.

بڕگەیەکی دیکەی کۆبونەوەکە، تایبەت بو بە بڕیاردان لە سەر رەشنوسی (پلانی نیشتمانیی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ 2021- 2025) کە لە کۆبونەوەی پێشوی ئەنجومەن خرایەڕو، لە کۆبونەوەکەدا بەکۆی دەنگی ئەنجومەنی وەزیران پەسەند کراو وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردران بۆ جێبەجێکردنی پلانەکەو ئاگادارکردنەوەی ئەنجومەنی وەزیران لە بەرەوپێشچونی جێبەجێکردنی پلانەکە بە ئاراستەی برەودان بە مافەکانی مرۆڤ لە هەرێم.

لە کۆتایی کۆبونەوەکەدا، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن، ڕەشنوسی (پەیڕەوی سندوقی پاڵپشتیی گەشەپێدانی ڕێگاوبان لە هەرێمی کوردستان)ی خستەڕو. ئەم ڕەشنوسە لە لایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن بە هەماهەنگیی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان ئامادەکراوە. ئەنجومەنی وەزیران، سەرەڕای جەختکردنەوە لە گرنگیی برەودان بە بواری ڕێگاوبان، بڕیاریدا وەزارەتە پەیوەندیدارەکان لە ماوەی مانگێکدا، پێداچونەوەی زیاتر بە ڕەشنوسەکەدا بکەن لە ڕوی قانونی و تەکنیکی و داراییەوە، لەبەر ڕۆشنایی ئەو تێبینی و سەرنجانەی خرانەڕو، تا ئەو پەیڕەوە ئامانجەکانی خۆی بەدیبهێنێ لە پاڵپشتی وەزارەت لە گەشەپێدانی پڕۆژەکانی ڕێگاوبان و دانانی پێوەر بۆ بەرجەستەکردنی دادپەروەریی لە دابەشکردنی پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوەو ڕێگاوبان، لەسەر پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکان بەپێی شایستەبون، ئەویش لەبەر ڕۆشنایی بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە گرنگیدان بە بواری ڕێگاوبان، لە بڕگە سەرەکیيەکانیەتی.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×