كوردێك كرایە وەزیری پەروەدەی بەریتانیا
  2021-09-15       1128       

لەچوارچێوەی گۆڕانكارییەكانی كابینەكەیدا، بۆریس جۆنسۆن، سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا، بڕیاریدا نەدیم زەهاوی، بەڕەچەڵەك كورد، بۆ پۆستی وەزارەتی پەروەردەی وڵاتەكەی دەستنیشان بكات.

ئاوێنە: نەدیم زەهاوی، یاریدەدەری وەزیری تەندروستی بەریتانیا بو بۆ كاروباری هەڵمەتی پێدانی ڤاكسینی كۆرۆنا، بەپێی بڕیارەكەی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا، لەجێی گاڤین ولیەمسن، وەك وەزیری نوێی پەروەردە دەستبەكاردەبێت.

نەدیم زەهاوی، كە بە "وەزیری ڤاكسین" ناسرابو، بەپێی بی بی سی بەهۆی خێرایی پڕۆسەی پێدانی ڤاكسین لە بەریتانیاو كارایی ئەو سیستمەی بۆ پڕۆسەكە بەڕێی خستبو، وایكرد كە كارەكەی جێی ستایش بێت.

نەدیم زەهاوی، 54 ساڵ، لەدایكبوی بەغدای پایتەختی عێراقە لە دایك و باوكێكی كوردو لە تەمەنی نۆ ساڵییەوە لەگەڵ خانەوادەكەی چۆتە بەریتانیا.

ساڵی 2010 بوە بە ئەندامی پەرلەمانی بەریتانیا لە پارتی پارێزگاران.

هەروەك لە چوارچێوەی گۆڕانكارییەكاندا، سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا دۆمینیك راب، لە پۆستی وەزارەتی دەرەوە دورخستەوەو لیز تراس-ی لە جێگەی دانا.

لیز تراس، پێشتر وەزیری بازرگانی نێودەوڵەتی بەریتانیا بو و دوەم ژنیشە لە مێژوی ئەو وڵاتەدا دەبێت وەزیری دەرەوە.

سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا، دۆمینیك راب-ی لە جێی رۆبەرت بۆكلەند كردۆتە وەزیری دادی بەریتانیا و چەندین گۆڕانكاری دیكەشی لە كابینەكەیدا ئەنجامداون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×