دوای ئەوەی دوێنێ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم دەسەڵاتدارانی ئێرانی بە پشکنینی تیمەکانی ئاژانسەکەیان بە "شێوازێکی نادروست" تۆمەتبار کرد و داوای رونکردنەوەی لەو وڵاتە کرد، نوێنەری ئێران لە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم رایگەیاند، لەماوەی رابردودا ژمارەیەک کاری تێکدەرانە لەناو بنکە ئەتۆمییەکان رویداوە بۆیە رێکارەکانی پشکنین توندکراون و رەتیدەکەنەوە بەشێوەیەکی نادروست مامەڵە لەگەڵ تیمە نێودەوڵەتییەکەدا کرابێت.
کازم غەریب ئابادی، نوێنەری ئێران لە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لەلێدوانێکدا رایگەیاند، لەچەند ساڵی رابردودا ژمارەیەک کاری تێکدەرانە لەناو بنکە ئەتۆمییەکان رویانداوە، بۆیە توندکردنەوەی رێکارەکانی تایبەت بە پشکنینی هەمو ئەوانەی دەچنە ناو بنکە ئەتۆمییەکان رێوشوێنێکی سروشتییە و پێشوتر تیمەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لەو رێوشوێنانە ئاگادار کراونەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، لەچوارچێوەی رێکارە ئەمنییەکان پرۆسەی پشکنین زیادیکردوە بۆ هەمو ئەو کەسانە دەچنە ناو بنکە ئەتۆمییەکان و ئەوەش ئەندامانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیش دەگرێتەوە، بەڵام رەتیدەکەنەوە مامەڵەی ناتەندروست لەگەڵ ئەو تیمە نێودەوڵەتییەدا کرابێت و ئەوەی کراوە بۆ پاراستنی ئاسایش بنکەکان بوە.
دوێنێ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لەراگەیەنراوێکدا باسی لەوەکرد، مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ سەردانی وێستگەی ناوەکی ناتانزیان لە ئێران کردوە، پشکنەرێکی ئافرەت کەسەر بە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بوە " لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ئێران بەشێوەیەکی نەشیاو مامەڵەی لەگەڵ کراوە و بەبێ ئەوەی پێویست بێت پشکنیی بۆ کراوە".
ئەوەش هاتوە، پەیوەست بەم بابەتە لەگەڵ ئێراندا باسی کێشەکەیان کردوە و "بەڕونی پێمان وتون ئەو روداوە و پشکنینەکانی ئاسایشەوە جێی قبوڵکردن نیە و نابێت دوبارە ببێتەوە."
مانگی شوباتی ئەمساڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم و حکومەتی ئێران گەیشتنە رێککەوتن بۆ چۆنیەتی چاودێریکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکان و لەو کاتەشەوە چەندجارێک پرۆسەکە درێژکراوەتەوە.