دیاریكردنی جەژنی رەمەزان موسوڵمانان دابەش دەكات
  2019-06-04       877       

هەرچەندە موسوڵمانان جەژن وەك هیمای ئاشتەوایی‌و پێكەوەیی دەناسێنن، بەڵام هەمو ساڵێك شیعە‌و سوننەكانی جیهان پێكەوە جەژن ناكەن، ئەمرۆ "سێ‌ شەممە" لای موسوڵمانانی سوننە یەكەم رۆژی جەژنی رەمەزانە، بەڵام لای موسوڵمانانی شیعە تەواو كەری مانگی رەمەزانە.


ئاوێنە: ئەمرۆ "سێ‌ شەممە" بەشێكی زۆری وڵاتانی ئیسلامی جەژن دەكەن‌و بۆ مەراسیمەكەش پشتیان بە فتوای وەقفی سوننی بەستوە، بەڵام بەشێكی دیكەی ئەو وڵاتە ئیسلامیانەی كە پەیرەوی لە مەزهەبی شیعە دەكەن ئەمرۆیان نەكردوتە جەژن‌و وەك كۆتا رۆژی رەمەزان بەرۆژون‌و پێیان وایە سبەینی "چوار شەممە" یەكەم رۆژی جەژنی رەمەزانە.


لەمبارەیەوە نوسینگەی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەكان راگەیەنراوێكی بڵاوكردوەتەوە كە تێیدا ئاماژەبەوە دەكات پێشینی دەكەن سبەینێ‌ مانگ ببینرێت‌و رۆژی "چوار شەممە" یەكەم رۆژی جەژن بێت، هەروەها كۆماری ئیسلامی ئێرانیش ئەمرۆی نەكردوە بە جەژن، چالاكانی مەدەنی رۆژهەڵاتی كوردستانیش كە زۆرینەیان پەیرەوی لە مەزهەبی سوننە دەكەن رایدەگەیەنن دەسەڵاتدارانی كۆماری ئیسلامی داوایان لە موسوڵمانانی رۆژهەڵات كردوە ئەمرۆ "سێ‌ شەممە" نەكەنە جەژن چونكە هاوكاتە لەگەڵ ساڵیادی كۆچی ئایەتوڵا خومەینی.


هەریەك لە وەقفی سوننی عێراق، ئیمارات‌و سعودیە، توركیا ئەمرۆیان كردە جەژن‌و وڵاتی مالی یەكەم وڵات بو كە بە بۆنەی بینینی مانگەوە ئاهەنگی جەژنی گێرا.


لەبەرامبەریشدا ئێران، ئوردون، فەڵەستین، میسر، سوریا، مالیزیا، ئەندۆنیزیا، ژاپۆن‌و ئوستورالیا بریاریانداوە سبەینێ‌ "چوار شەممە" وەك یەكەم رۆژی جەژنی رەمەزان دیاریی بكەن.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×