یەکێتیی ئەوروپا: هیچ کۆبوونەوەیەک لەگەڵ ئێران لەسەر پرسی ئەتۆمی ناکرێت
  2021-09-21       414       
جۆزێف بۆریێڵ بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا ڕایگەیاند، هەریەکە لە وەزیرانی دەرەوەی بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ڕوسیا و چین لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کە کۆتایی ئەم هەفتەیە بەڕێوەدەچێت، هیچ کۆبوونەوەیەک لەگەڵ ئێراندا لەسەر پرسی ئەتۆمی ئەنجام نادەن.

ئاوێنە: ئاژانسی ڕۆیتەرز لەزاری جۆزێف بۆریێڵ بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا بڵاویکردەوە، “هیچ کۆبوونەوەیەکی وەزیرانی دەرەوە لەگەڵ ئێراندا ئەنجامنادرێت، بەڵام خواست هەیە بۆ بەردەوامیدان بە گفتوگۆکانی ڤیەننا لەسەر پرسی ئەتۆمیی ئێران”، ئاماژەی بەوەکردووە کە ئەمڕۆ سێشەممە چاویدەکەوێت بە حوسێن ئەمیر عەبدولهیان نوێنەری نوێی ئێران.

ژان ئێڤ لۆدریان وەزیری دەرەوەی فەرەنسا پێشتر ڕایگەیاندبوو، وەزیرانی دەرەوەی بەریتانیا، فەرەنسا، چین، ئەڵمانیا و ڕوسیا لەگەڵ ئێران کۆدەبنەوە لە پەراوێزی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، وەک پاڵپشتییەک بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی ڤیەننا کە ئێستا ڕاگیراون.

لۆدریان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە دوای کۆبوونەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، بە ئەگەرێکی زۆر لەم هەفتەیەدا کۆبوونەوەیەک ئەنجامدەدەن بۆ پلانی کاری هاوبەشی ئەو وڵاتانە لەسەر گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی.

لۆدریان بە گرنگی زانی لەم هەفتەیەدا ئەو کۆبوونەوەیە بکرێت تاوەکو هەریەکە لە ئەمریکا و ئێران هانبدرێن بۆ کاری هاوبەش لەسەر پرسی ئەتۆمی.

ئاماژەی بەوەکرد، دەبێت هەوڵی گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمیی 2015 بدرێت لەهەمان کاتدا ئێرانیش پابەندبوونی خۆی بە ڕێککەوتنەکە پیشانبدات.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×