ئیبراهیم ڕەئیسی ئامادەیی خۆی بۆ زیندوکردنەوەى ڕێککەوتنی ئەتۆمی ڕاگەیاند بەڵام بە مەرجێک
  2021-09-22       896       
ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری نوێی ئێران پشتیوانی خۆی بۆ دووبارە زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ڕاگەیاند و داوای لە ئەمەریکا کرد پابەند بێت پێیەوە و سەرجەم سزاکانی سەر ئێران لاببات.

ئاوێنە: ئیبراهیم ڕەئیسی ڕەئیسی لەمیانەی وتارە تۆمارکراوەکەیدا بۆ کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی، "کۆماری ئیسلامی گفتوگۆی بەسوود لەبەرچاو دەگرێت کە دەرەنجامەکانی لابردنی سەرجەم سزا سەرکوتکەرەکان بێت."

لە مانگی شەشەوە گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران بە نێوەندگری یەکێتی ئەوروپا ڕاگیراون، ئەوەش دوای چەند مانگێک لە گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتەکەی پێشووی ئێراندا کە هیچ ئەنجامێکی ئەوتۆی لێنەکەوتەوە.

ڕەئیسی دووبارە جەختی لەوە کردەوە لەڕووی ئایینەوە چەکی ناوەکی ڕێگەپێنەدراوە وتی " چەکی ناوەکی هیچ جێگەیەکی نابێتەوە لە سیستمی بەرگری و سیاسەتی جەنگماندا."

هاوکات سەعید خەتیبزادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی، پێشبینی ئەوە دەکات گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکان "لە هەفتەکانی داهاتوودا" دووبارە دەستپێبکەنەوە.

لەلایەکی دیکەوە بەرپرسی کاروباری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆزێپ بۆڕێڵ وتی ڕۆژی سێشەممە لە نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ وەزیری نوێی دەرەوەی ئێران حوسەین ئەمیر عەبدوڵاهیاندا کۆدەبێتەوە و داوای لێدەکات " بەزووی " گفتوگۆکان لە ڤییەنا دەستپێبکاتەوە.

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا هایکۆ ماس وتی دەبێت بەپەلە گفتوگۆکان دەستپێبکەنەوە، ئەمەش لەنێوەندی نیگەرانیەکانی ڕۆژئاوادا لەسەر ئەوەی ئێران پێدەچێت لەو ماوەیەدا پەرە بە بەرنامە ناوەکییەکەی بدات.

ماس وتی، " چاوەڕێی شاندی ئێران ناکەین دوو سێ مانگی دیکە بگەڕێنەوە ڤییەنا. دەبێت زووتر بگەڕێنەوە."

لەلای خۆشیەوە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لە وتارەکەیدا لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دووبارە جەختی لەوە کردەوە ئەمەریکا دەخوازێت بگەڕێتەوە سەر ڕێکەوتنە ناوەکییەکە و سزاکان لاببات.

وتی، " ئەگەر ئێران پابەندی بەرپرسیارێتیەکانی بێت ئەوا ئێمەش ئامادەین دووبارە پابەندی بەرپرسیارێتیەکانمان ببینەوە لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەدا."
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×