ئەردۆغان: لەئێستادا ئەمریکا زیاتر پشتگیری رێکخراوە تیرۆریستییەکان دەکات
  2021-09-24       510       
وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ هاوكارییه‌كانی‌ ئه‌مریكا بۆ یه‌كینه‌كانی‌ پاراستنی‌ گه‌ل -یه‌په‌گه‌، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند، "ئەمریکا لەئێستادا زۆر زیاتر لەوەی چاوەڕێ دەکرا پشتگیری رێکخراوە تیرۆریستییەکان دەکات".

ئاوێنه‌: رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا دوای نوێژی هەینی، لەشاری ئیستانبوڵ لێدوانی بۆ رۆژنامەنوسانداو نیگەرانی خۆشی لەهەڵوێستەکانی ئەمریکا خستەڕو، ناوبراو وتی‌، "ئەمریکا لەئێستادا زۆر زیاتر لەوەی چاوەڕێ دەکرا پشتگیری رێکخراوە تیرۆریستییەکان دەکات".

ئەردۆغان هیواشی خواست پەیوەندییەکان ئاڕاستەیەکی دیکە وەربگرن‌و رایگەیاند، "پێویستە وەک دوو وڵاتی ئەندامی ناتۆ پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەمریکا لەئاستێکی زۆر جیاوازدابن".

سەرکۆماری تورکیا لە بارەی بەرەوپێشچوونەکانی سوریاوە وتی‌، "بەداخەوە رژێمی سووریا بووەتە هەڕەشە لەسەر باشوری وڵاتەکەمان".

ئەردۆغان ئاماژەی بەلێکنزیکبوونەوەی نێوان ئەنقەرەو مۆسکۆ کردو ڕونیكرده‌وه‌، "چاوەڕوانی من لەبەڕێز پووتین زۆر جیاوازترە. چونکە رژێمی سوریا بووەتە هەڕەشە لەسەر باشوری وڵاتەکەمان".

دەربارەی چاوەڕوانییەکانیش لەروسیا ئەردۆغان رایگەیاند، "چاوەڕوانی من لە بەڕێز پووتین یان باشتر بڵێین روسیا کە دیالۆگ لەنێوانماندا هەیە، جیاوازە. پێویستە ئەو بەرەنگاربوونەوەیە بەیەکەوە لەسنورەکانی باشوری تورکیا ئەنجامبدەین".
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×