عەلی باجان حکومەتەکەی ئەردۆغان کێشەی کوردی زیندووکردەوە
  2021-09-26       1332       
رۆژنامەی "جمهورییەت"ی تورکی بڵاویکردەوە کە دوای ئەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، کێشەی کورد لە تورکیادا چارەسەرکراوە و ئێستا لەو وڵاتەدا کێشەیەک بەناوی کێشەی کوردەوە بوونی نییە، لای خۆیەوە عەلی باباجانی سەرۆکی پارتی دیموکراتییەت و پێشکەوتن تورکی (دێڤا)، ئەردۆغانی بە زیندووکردنەوەی قەیرانی کوردی لە تورکیا تۆمەتبار کردووە.

ئاوێنە: عەلی باجان لەمیانی کۆبوونەوەیەکی پارتەکەی لە هەرێمی ئیسنوورتی سەر بە شاری ئیستەنبوڵ رایگەیاند، ئەم حکومەتە کێشەی کوردی زیندووکردەوە، سەرۆک شارەوانییە هەڵبژێردراوەکانی لابردن و لەجیاتی ئەوە قەییومی لە شارە کوردییەکان دانێن، ئەمەش مانای وایە بەراستی کێشەی کورد هەیە.

باباجان ئەوەى خستوەتەڕوو، ئەگەر باسی کێشەکە نەکەیت ئەوە هەرگیز ناتوانیت چارەسەری بکەیت، ناونیشانی چارەسەرکردنی پرسی کورد بریتییە کە سیاسەتی رەوایەتیی دیموکراتیی، بۆیە لەشوێنێکی تردا بەدوای چارەسەردا مەگەڕێن.

سەرۆکی پارتی دێڤا دەشڵێت، کاتێک زرێپۆشەکان بەو ناوچانەدا دەسووڕێنەوە کە منداڵانی کورد یاریی تێدا دەکەن، ئەمە مانای وایە کێشە هەیە، ئەگەر بێت لەساڵی 2021 مافی قسەکردن بە کوردی هێشتا جێگای مشتومر بێت، ئەمە مانای وایە کە کێشە هەیە.

لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا رایگەیاند کە کوردەکان هیچ کێشەیەکیان لەناو تورکیادا نییە، هەروەک وتبووی کە ئەوان بڕوایان بە یەکێتیی و برایەتیی نێوان کورد و تورک هەیە.
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×