ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەكانی ئەڵمانیا: پارتی سۆسیال دیموكرات لەپێشەوەیە
  2021-09-26       537       

بەپێی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەڵمانیا، پارتی سۆسیال دیموكرات توانیویەتی بەجیاوازییەكی كەم پێش هاوپەیمانییەكەی ئەنگێلا مێركل بكەوێت و زۆرترین رێژەی دەنگدەرانی هەڵبژاردنەكە بباتەوە.

ئاوێنە: بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەكان، پارتی سۆسیال دیموكرات بە بەدەستهێنانی لەسەدا 25.5ی دەنگەكان لە پێشەوەیەو هەرچی هاوپەیمانییەكەی ئەنگێلا مێركلە كە لەهەردو پارتی دیموكرات مەسیحی و سۆسیال مەسیحی پێكهاتوە، لەسەدا 24.5ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە.

پارتی سۆسیال دیموكرات بەو ئەنجامە توانیویەتی لەسەدا پێنجی دەنگەكانی زیاد بكات بەراورد بە هەڵبژاردنی خولی رابردو.

بەڵام ئەنجامی ئەم هەڵبژاردن بۆ هاوپەیمانی پارتە مەسیحییەكان، لاوازترین ئەنجامی مێژوی خۆیانەو بەراورد بە هەڵبژاردنەكەی ساڵی 2017 زیاتر لەسەدا 8ی دەنگەكانیان لەدەستداوە.

پارتی سەوزەكان، بەبەدەستهێنانی رێژەی لەسەدا 14.3ی دەنگەكان لە پلەی سێیەمی هەڵبژاردنەكەدا دێت. دەنگەكانی پارتی سەوزەكان لەبەراورد بە هەڵبژاردنی خولی رابردو، دو هێندە زیادیان كردوە.

هەروەها پارتی دیموكراتی ئازاد لەسەدا 12ی دەنگەكان و پارتی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا لەسەدا 10ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە.

هەم ئۆلاف شۆڵز، كاندیدی پارتی سۆسیال دیموكرات بۆ بون بە راوێژكاری ئەڵمانیاو هەم ئارمین لاشت، كاندیدی هاوپەیمانی حزبە مەسیحییەكان، ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بۆ پێكهێنانی حكومەتی ئیئتیلافی لەگەڵ پارتی سەوزەكان و پارتی دیموكراتی ئازاد.

بەگوێرەی كەناڵی دوێچەڤیلەی ئەڵمانی، یەكێك لە ئەگەرەكانی دیكە، پێكهێنانی حكومەتێكی ئیئتیلافییە بە بەشداریی پارتی سۆسیال دیموكرات و هاوپەیمانی حزبە مەسیحییەكان.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×