ئەردۆغان: پێمباشە ئەمریكا لە سوریاو عێراق بكشێتەوە
  2021-09-26       1064       

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا رایگەیاند، پێمباشە ئەمریكا لە سوریاو عێراق بكشێتەوە، وەك ئەوەی لە ئەفغانستان كشایەوە. دەشڵێت: پێویستە ئەمریكا بڕیاربدا كە هاوكاریی پەكەكەو یەپەگە دەكات یاخود توركیا.

ئاوێنە: ئەو وتانەی رەجەب تەیب ئەردۆغان لەمیانی چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی "سی بی ئێس"ی ئەمریكا، كە ئەمڕۆ یەكشەممە، بڵاوكراوەتەوە.

ئەردۆغان لەبارەی دەستوەردانە سەربازییەكانی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وتویەتی"ئەوە پەیوەندیی بە ئەمریكا خۆیەوە هەیەو ئێمە بڕیارنادەین." جەختیشی كردۆتەوە كە لەبارەی سیاسەتەكانی ئەنكەرەش لەناوچەكە "ئێمە خۆمان بڕیار دەدەین لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چی دەكەین."

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا سەرۆككۆماری توركیا ئاماژەی بەوەداوە كە پێویستە ئەمریكا بڕیاربدات كە هاوكاریی پەكەكەو یەپەگە دەكات یاخود هاوكاری توركیاو وتویەتی"من بژاردەی دوەمم پێ باشە."

ئەردۆغان هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە پرسیارییان لەبارەی چارەنوسی هەزاران بارهەڵگر چەك و تەقەمەنییەوە كردوە كە لەلایەن ئەمریكاوە دراونەتە یەپەگە، بەڵام توركیا وەڵامێی ئەرێنی لەوبارەیەوە وەرنەگرتۆتەوە.

لەوەڵامی پرسیارێكدا لەبارەی ئەوەی كە ئایا ئەوان دەیانەوێت هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا بكشێنەوە؟ ئەردۆغان وتویەتی"ئەگەر ئەمە پەیوەندیی بەمنەوە بێت، پێم باشە هێزەكانی ئەمریكا لە سوریاو عێراق بچنە دەرەوە وەك ئەوەی لە ئەفغانستان چونە دەرەوە، چونكە ئەگەر ئێمە ئاشتیمان بوێت بۆ جیهان، هیچ مانایەك بۆ مانەوەی ئەو هێزانە لەو ناوچانە نییە."

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە خوازیارە ئەمریكاو روسیاو ئێران و توركیا پێكەوە كاربكەن بۆ هێنانەدی "ئاشتی و سەقامگیری لەم ناوچەیە، لە سوریا بێت یاخود لە عێراق."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×