"دادگای گەل" لەلاهای لەسەر كەیسی كوژرانی رۆژنامەنوسان دادگایی چەند حكومەتێك دەكات
  2021-09-29       592       

لە دەستپێشخەرییەكی بێ پێشینەدا لە پێناو هێنانەدی دادپەروەری لە كەیسەكانی كوشتنی رۆژنامەنوساندا، سێ رێكخراوی جیهانی پاڵپشتیكاریی ئازادیی رۆژنامەوانی، دادگایەكی گەل لە لاهای بۆ لێكۆڵینەوە لە تاوانەكانی كوشتنی رۆژنامەنوسان و لێپێچینەوەی حكومەتەكان پێكدەهێنن. 

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی كۆمیتەی بەرگریی لە رۆژنامەنوسان، رێكخراوەكەی ئەوان و هەردو رێكخراوی رۆژنامەوانی ئازادیی بێسنور و رێكخراوی پەیامنێرانی بێسنور، لە هەنگاوێكی گرنگدا بۆ دروستكردنی گوشار لەپێناو هێنانەدی دادپەروەری داوایان لە دادگای هەمیشەیی گەل كردوە بۆ بەڕێوەچونی دادگاییەك لەبارەی تاوانەكانی كوشتنی رۆژنامەنوسان.

دادگاكە لەسەر بنەمای لێكۆڵینەوەو شیكردنەوەی یاسایی، رۆژی 2ی مانگی تشرینی دوەمی ئەمساڵ لە لاهای یەك دانیشتنەكانی بەڕێوەدەبات بۆ لێكۆڵینەوە لە تاوانەكانی كوشتنی رۆژنامەنوسان و دادگاییكردنی سێ حكومەت كە یەكێكیان سوریایە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە دادگاكە، هەریەكە لە حكومەتەكانی سریلانكا، مەكسیك و سوریا تۆمەتبار دەكات بەهۆی شكستیان لە بەدیهێنانی دادپەروەری لە پەیوەست بە كوژرانی هەریەكە لە رۆژنامەنوسان لاسانسا ویكراماتۆنگا، میگوێل ئەنخێل لۆپێز ڤیلاسكۆ و نەبیل شۆربەچی.

هەروەها لە یەكەم رۆژی دادگاییەكەدا، چەند كەسێك شایەتی لەسەر كەیسەكان كوشتنی رۆژنامەنوسان دەدەن لەوانە: ماریا ریسا، رۆژنامەنوسی بەناوبانگی فلیپینی و خەدیجە جەنگیز، دەستگیرانی رۆژنامەنوسی سعودی جەمال خاشوقچی كە لە ساڵی 2018 لە توركیا كوژرا، ماتیۆ كاراوانا گالیزیا، كوڕی ژنە رۆژنامەوانی ماڵتایی دەفنی كاروانا گالیزیا كە لەساڵی 2017 كوژرا، رۆژنامەنوس پاڤلا هۆلۆكۆفا، هاوڕێی رۆژنامەنوس یان كوچیاك كە لەساڵی 2018 كوژرا.

دانیشتنی دادگاكە رۆژی سێشەممە 2ی تشرینی دوەمی 2021 لە سەعات 9ی سەرلەبانی تاوەكو 18ی ئێوارە لە لاهای بەڕێوەدەچێت كە رێككەوتی رۆژی جیهانی كۆتاییهێنانە بە دەربازبونی ئەوانەی تاوانیان دژبە رۆژنامەنوسان ئەنجامداوە لە سزا.

بەپێی راگەیەندراوەكەی كۆمیتەی بەرگریی لە رۆژنامەنوسان، توندوتیژیی دژبە رۆژنامەنوسان لەسەرتاسەری جیهان زیادی كردوەو لە ساڵی 1992ەوە تا ئێستا زیاتر لە 1400 رۆژنامەنوس كوژراون كە لە 10 تاوان بكوژانی هەشت تاوانیان تاوەكو ئێستا ئازادن.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×