ئەردۆغان وەك "بەڕێوەبەری یەپەگە" ناوی مەكگۆك دەهێنێت: "پێویستە ئەمریكا لە سوریا بكشێتەوە"
  2021-09-30       1464       

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا، برێت مەكگۆرك، هەماهەنگاری ئەمریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقا، وەك "بەڕێوەبەری یەپەگە" ناودەبات و دەشڵێت: درەنگ یا زو پێویستە ئەمریكا لەسوریا بكشێتەوە.

ئاوێنە: ئەو قسانەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، لەدوای كۆبونەوەی لەگەڵ ڤیلادمێر پوتین، سەرۆكی روسیاو لەكاتی گەڕانەوەی لەناو فڕۆكەدا هاتن بۆ رۆژنامەنوسان.

ئەردۆغان جەختی كردەوە كە توركیا پابەندە بەتەواوی بڕگەكانی ریككەوتنیان لەگەڵ روسیا سەبارەت بە سوریاو هیچ پاشەكشییەك لەوە ناكات.

سەرۆككۆماری توركیا لەبارەی پەیوەندییەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ ئەمریكا وتی، رەنگە لە رۆما لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكادا كۆببێتەوەو ئەگەریشی زۆرە لە گلاسكۆ لەگەڵ سەرۆكی ئەمریكا دیداری هەبێت ئەوەشی بە "شتێكی باش" ناوبرد.

لەبارەی مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا وتیشی، "درەنگ یا زو پێویستە هێزەكانی ئەمریكا لەسوریا بچنە دەرەوە و ئەو وڵاتە بدرێتەوە دەست خەڵكەكەی."

لەبارەی برێت مەكگۆرك، هەماهەنگكاری ئەمریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقا، ئەردۆغان وتی"وەك بەڕێوەبەری یەپەگەو پەكەكەیە، شان بەشانی ئەو گروپانە دەجوڵێتەوە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×