2021-10-03   391     
ئێران داوا لە ئەمریكا دەكات وەك نیشاندانی "نیازپاكی" واز لە دەستبەسەرداگرتن بەسەر ١٠ ملیار دۆلاری ئەو وڵاتەدا بهێنێت.
ئاوێنه: وەزیری دەرەوەی ئێران، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان داوای لە ئیدارەی سەرۆكی ئەمریكا، جۆ بایدن دەكات وەك نیشاندانی نیازپاكی بۆ گەڕانەوە بۆ دانوستانەكانی رێككەوتنی ئەتۆمی و هەڵگرتنی سزاكانی سەر ئێران واز لە دەستبەسەرداگرتن بەسەر ١٠ ملیار دۆلاری ئێراندا بهێنێت.
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لەبارەی دانوستانەكان بۆ گەڕانەوەی رێككەوتنی ئەتۆمی بە تەلەڤیزیۆنی فەرمیی ئێرانی راگەیاند، دەیانەوێت دانوستانەكانی ڤیەننا بەردەوام بن و بۆ ئەم مەبەستە شاندێكیان پێكهێناوەو وتی: "لە دانوستانەكاندا جددین و دەگەڕێینەوە سەر مێزی گفتوگۆ، ئەمریكییەكان لە كەناڵی جیاوازەوە ویستوویانە پەیوەندیم پێوە بكەن، ئەگەر نیازی ئەمریكا جددییە با واز لەو ١٠ ملیار دۆلارەی سەرچاوە داراییەكانی ئێمە بهێنن كە دەستیان بەسەردا گرتووە. بۆ ئەوەی بتوانین بڵێین جۆ بایدن لە دۆناڵد ترەمپ جیاوازە، پێویستە ئەو هەنگاوە بندرێت. ئەگەر بایدن لەوەدا جددییە پێویستە نیازپاكی خۆی نیشان بدات. یەكێك لەو نیازپاكییانەیش ئازادكردنی ئەوە ملیار دۆلارەیە كە دەستی بەسەردا گیراوە".
وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی لەوە كردەوە كە ئابووری و سیاسەتی دەرەوەی ئێران پەیوەندیدار ناكەن بە رێككەوتنی ئەتۆمییەوە و گوتی: "بایدن دەڵێت كە رێكارەكانی ترەمپ قبوڵ ناكات، بەڵام وەك ئەویش دەكات. بایدن دەڵێت نایەوێت وەك ترەمپ سزا بسەپێنێت، كەچی دەیەوێت بە هەزار و ٦٠٠ سزاوە بێتە سەر مێزی دانوستان".