ئەردۆغان لەگەڵ محەمەد حەلبوسی و خەمیس خەنجەر كۆبوەوە
  2021-10-04       827       

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا، ئەمڕۆ دوشەممە، لە ئەنقەرە بە جیا لەگەڵ هەردو سەركردەی سوننی عێراقی محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی هاوپەیمانی تەقەدوم و خەمیس خەنجەر، سەرۆكی هاوپەیمانی عەزم كۆبوەوە.

ئاوێنە: بەپێی ئاژانسی رەسمی توركیا، ئەمڕۆ، ئەردۆغان لە ئەنقەرە پێشوازی لە محەمەد حەلبوسی كردوەو دیدارەكەی نێوان دور لە چاوی كامێراكان بەڕێوەچوە.

ئاژانسەكە ئاماژەی بەوەشداوە كە هەر ئەمڕۆ لە ئەنقەرە ئەردۆغان پێشوازی كردوە لە خەمیس خەنجەر، سەرۆكی هاوپەیمانی عەزم و كۆبونەوەكەی نێوانیان بەشێوەیەكی داخراو بەڕێوەچوە.

خەمیس خەنجەر لە هەژماری خۆی لە تویتەر، دیدارەكەی خۆی و ئەردۆغانی بە "گرنگ" ناوبردوەو رایگەیاندوە كە تاوتوێی دۆخی سیاسی ناوچەكە، گرنگی پەیوەندییە ئابورییەكانی نێوان عێراق و توركیایان تاوتوێ كردوە.

خەمیس خەنجەر وتوشیەتی، "جەختمان كردەوە لەسەر رەتكردنەوەی بەكارهێنانی سنوری عێراق لەلایەن رێكخراوە تیرۆریستییەكان بۆ كردنە ئامانجی خاكی عێراق و توركیا."

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە كە داوای لە ئەردۆغان كردوە ڤیزای گەشتیاریی نێوان هەردو وڵات هەڵبگرێت.

© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×