بایدن دژایەتی خۆی بۆ هێرشەكانی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان راگەیاند
  2021-10-09       1013       

جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا، ماوەی باری نائاسایی نیشتمانی سەبارەت بە سوریا بۆ ماوەی ساڵێكی دیكە درێژدەكاتەوەو رەخنەش لە هێرشەكانی توركیا بۆ سەر باكورو رۆژهەڵاتی سوریا(رۆژئاوای كوردستان) دەگرێت و جەخت دەكاتەوە كە ئەو هێرشانەی توركیا دەبنە مایەی لاوازكردنی شەڕی شكستپێهێنانی داعش و هاوڵاتیانی مەدەنیش روبەڕوی مەترسی دەكەنەوە.

ئاوێنە: جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا، لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، دۆخی سوریاو لێكەوتەكانی بەتایبەت كردەوەكانی دەوڵەتی توركیا بۆ ئەنجامدانی هێرشی سەربازی بۆ سەر باكورو رۆژهەڵاتی سوریا، شەڕی شكستپێهێنانی داعش لاواز دەكات و هاوڵاتیانی مەدەنی دەخاتە بەردەم مەترسی و هەڕەشەشە بۆ سەر ئارامی و ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكەو هەروەها دۆخەكە هێشتا هەڕەشەیەكی نائاساییە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا.

سەرۆكی ئەمریكا وتوشیەتی"لەبەرئەوە دەبێت ئەو بارە نائاساییەی كە پێشتر بە فەرمانی ژمارە 13894 لە 14ی تشرینی یەكەمی 2019دا راگەیەندراوە، لەدوای 14ی تشرینی دوەمی 2021یشەوە كاری پێ بكرێت. بۆیە باری نائاسایی نیشتمانی راگەیەندراو بۆ ماوەی ساڵێكی دیكە درێژدەكەمەوە."

بەپێی فەرمانی ژمارە 13894، كە دو ساڵ لەمەوبەر لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی پێشوی ئەمریكاوە دەركرا بۆ راگەیاندنی باری نائاسایی لە پەیوەست بە سوریا، رێگە بە ئەمریكا دەدات سزا بەسەر ئەو كەسانەدا بسەپێنێت كە بەرپرس یاخود بەشدارن لە نائارامییەكانی سوریادا.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×