2021-10-19   562     
بەهۆی ناڕەزاییان بەرامبەر دەستگیرکردنی عوسمان کاڤالا، بازرگانی ناسراوی تورکیا، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا نوێنەر و باڵیۆزی 10 وڵاتی لە ئەنقەرە بانگهێشت کرد و نامەی ناڕەزایی وڵاتەکەی پێدان، لەنێوان ئەو وڵاتانەشدا باڵیۆزی ئەمریکا، فەڕەنسا و ئەڵمانیا بوونیان هەبووە.
ئاوێنە: ئەمڕۆ سێشەممە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، باڵیۆزی ئەمریکا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، دانیمارک، نەرویج، هۆڵندا، سوید، فینلەندا، کەنەدا و نیوزلاندای لەئەنقەرە بانگهێشت کردووە و لەبارەی هەڵوێستییان لەسەر دەستگیرکردنی عوسمان کاڤالا، بازرگانی تورکیا بەتۆمەتی "تیرۆر" نامەی ناڕەزایی ئاڕاستەی هەڵوێستی ئەو وڵاتانە کردووە.
باڵیۆزی ئەو 10 وڵاتە پێشووتر لەراگەیەنراوێکدا باسیان لەوەکردووە، دەستگیرکردنی عوسمان کاڤالا گومان دەخاتەسەر دیموکراسی و سەروەری یاسا لەتورکیا.
بەتۆمەتی پشتیوانی لەبزوتنەوەی فەتحوڵا گولەن و بەشداریکردن لەکودەتاکەی 15 لەسەر 16 تەمموزی ساڵی 2016 ، ماوەی زیاتر لە چوار ساڵە عوسمان کاڤالا بەبێ دەرچوونی بڕیاری دادگا دەستگیرکراوە، دادگای ئەوروپاش چەندینجار رەخنەی لەرەوشی مافی مرۆڤ و دادگاکانی تورکیا گرتووە و یەکێک لەو کەسانەی داوای ئازادکردنی کردووە ئەو بازرگانە بووە.