داوای حەوت جار زیندانی هەتایی بۆ تۆمەتباری كوشتنی خێزانە كوردەكەی كۆنیا دەكرێت
  2021-10-21       674       

ئەو تۆمەتبارەی لە تەمموزی ڕابردوو هێرشی كردەسەر خێزانێكی كورد لە كۆنیا و كوژرانی حەوت ئەندامی خێزانەكەی لێكەوتەوە، داوای حەوت جار زیندانی هەتاهەتایی كراوە.

ئێوارەی هەینی 30ی تەمموز خێزانێکی کوردی حەوت کەسی لە شاری کۆنیای تورکیا، لەلایەن چەند توركێکەوە هێرشكرایەسەریان و سەرجەم ئەندامانی خێزانەکە، كە لەنێویاندا ژن و منداڵ هەن، کۆمەڵکوژ کران.

خێزانە كوردەكە ماوەی 24 ساڵ بوو لە ناوچەكە دەژیان، بەڵام ماوەیەك بوو ڕووبەڕووی هێرش و گێچەڵی نەژادپەرستی دەبوونەوە.

داواکاری گشتیی کۆماریی كۆنیا لە باشووری ناوەڕاستی تورکیا، لێکۆڵینەوەکانی دەربارەی ئەو ھێرشە چەکدارییەی كۆنیا تەواوکرد و لە تۆمەتنامەکەدا، بە تۆمەتی کوشتن بە ھەستێکی “دڕندانە”، داوای حەوت جار زیندانی ھەتاھەتایی قورسکراوی بۆ محەمەد ئاڵتون تۆمەتباری ڕووداوەكە كردووە.

لە چوارچێوەی ئەو لێکۆڵینەوەی لە لایەن داواکاری گشتییەوە بەڕێوەدەچێت، دوای کۆکردنەوەی سەرجەم بەڵگەکان، کارە پێویستەکانی لێکۆڵینەوە لە دۆسيەكە کۆتایی ھات، وەك ئەوە ئاژانسی ئەنادۆڵۆ بڵاویكردووەتەوە.

ئاشكراشكراوە، لە تۆمەتنامەکەدا ئەوە ھاتووە کە تۆمەتباری دەستگیرکراو تاوانەکەی “بە ئەنقەست” ئەنجامداوە.

ھەر لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکاندا، بە تۆمەتی “ھاندان بۆ سووتان و زیانگەیاندن بە ماڵ” داوای ھەشت ساڵ زیندانی بۆ ھەریەک لە 10 تۆمەتباری دیکەی دۆسیەکە کراوە.

ھاوکات بەھۆی نەبوونی بەڵگەی تەواو لەسەر تێوەگلانی ھاوسەر، باوک و دایکی تۆمەتبار محەمەد ئاڵتون لە کوشتنەکە، بڕیاری ئازادکردنیان درا، وەك ئەوەی ئاژانسەكە ئاماژەی پێداوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×