لەبەردەم پەرلەمانی كوردستان گردبونەوەیەك دژ بە گرانبونی نرخی سوتەمەنی بەڕێوەچو
  2021-10-22       423       

ئەمڕۆ هەینی، لەبەردەم پەرلەمانی كوردستان گردبونەوەیەك دژ بە گرانبونی نرخی سوتەمەنی و خزمەتگوزاری و پێداویستییەكانی رۆژانە، بەڕێوەچو.

ئاوێنە: ئەمڕۆ بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین دژی گرانبونی نرخی سوتەمەنی و خزمەتگوزارییەكان، ژمارەیەكی زۆر لە ئەندام و لایەنگران و كاربەدەستانی حزبی شیوعی كوردستان و چالاكان و توێژی جیا لەبەردەم پەرلەمانی كوردستان گردبونەوە.

بەشداربوانی گردبونەوەكە لە راگەیەندراوێكدا داوایان كرد كە نرخی سوتەمەنی، هەرزان و جێگیربكرێت و نەوتی سپی بە نرخێكی گونجاو و بە بڕێكی پێویست بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش بكرێت.

هەروەك داواشیان كرد كە سنورێك بۆ یاریكردن بە نرخی پێداویستییەكانی رۆژانە لەنێویشیاندا نرخی نان دابنرێت.

یەكێكی دیكە لە داواكاری بەشدارانی گردبونەوەكە سوككردنی باج و رسومات بو لەسەر شانی هاوڵاتیان و داواكارییەكی دیكەشیان ئەوەبو كە پێدانی خزمەتگوزارییەكان و كەرتی كارەبا بە كەرتی تایبەت رابگیرێت.

هاوکات ژمارەیەک لە ئەندامانی پەرلەمانیش داوایان لەسەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان كردوە كە بابەتی چارەسەركردن و خستنەڕوی هۆكارەكانی گرانبونی سوتەمەنی لە نزیكترین دانیشتندا بخەنە بەرنامەی كاری پەرلەمان و وەزیری سامانە سروشتیەكان بانگهێشت بكرێت بۆ ئامادەبون لە دانیشتنەكەدا.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×