وەزارەتی سامانە
سروشتییەكانی حكومەتی هەرێم وردەكاری دابەشكردنی ئەو بڕە بەنزینە ئاشكرادەكات كە
لە بەغداوە رۆژانە دەگاتە هەرێمی كوردستان و مەرجەكانیشی بۆ ئەو بەنزینخانە
ئەهلییانە دەخاتەڕو كە بەنزینەكە وەردەگرن.
ئاوێنە: دوێنێ یەکشەممە،
بڕی 540 هەزار لیتر بەنزین گەیشتە وێستگەکانی هەر چوار پارێزگای هەرێمی کوردستان
كە "بەنزینێكی ئۆكتان بەرزە."
فەتاح ڕەحمان حەمەساڵح،
بەڕێوەبەرى گشتى لە وەزارەتى سامانە سروشتییەکان بە ماڵپەڕی رەسمی حكومەتی هەرێمی
كوردستانی وتوە، "بەغدا ڕۆژانە 540 هەزار لیتر بەنزین بۆ پارێزگاکانی هەرێمی
کوردستان دابین دەکات و ئەم بڕەش لە 1/11/2021ى زایینى دەبێتە دو هێندە، واتە دەبێتە
ملیۆنێک و ٨٠ هەزار لیتر بەنزین لە ڕۆژێکدا."
بەپێی قسەی بەڕێوەبەرە گشتییەكەی وەزارەتی
سامانە سروشتییەكان لەو بڕە بەنزینەی ئێستا رۆژانە دەگاتە هەرێم، 180 هەزار لیتری بۆ پارێزگاکانى هەولێر و
سلێمانی، 108 هەزار لیتری بۆ پارێزگای دهۆك و 72 هەزار لیتریشی بۆ پارێزگاى هەڵەبجە
دەبێت و بە زیادبونى بڕەکەشى بۆ ملیۆنێک و 80 هەزار، بڕى بەنزینى نێردراو بۆ هەر
چوار پارێزگاكە دو هێندە زیاد دەکات.
لەسەر نرخى ئەو
بەنزینەى کە دەگاتە کوردستان، بەڕێوەبەرە گشتییەكەى وەزارەتی سامانە سروشتییەکان
باسى لەوە کرد کە نرخى هەر لیترە بەنزینێکى نۆرماڵ بە 650 دینارە لە پاڵاوگەکان و
نرخى کرێى گواستنەوەو کۆگاکردن و پشکنین و عمولە و چەند وردەکارییەکى دیکەى 40 دینارە،
هەر بۆیە حکومەتى هەرێمى کوردستان بێ هیچ زیادەخستنەسەرێک بە 690 دینار لە نێو بەنزینخانەکان
دەیفرۆشێتەوە بە هاوڵاتیان.
بەپێی ماڵپەڕی حكومەتی هەرێم، وەزارەتى سامانە سروشتییەکانیش میکانیزمێکى
بۆ دابەشکردنى بەنزینەکە داناوە لە بەنزینخانە ئەهلییەکان کە بە شێویەکى دادپەروەرانە
و بە نۆرە دابەش دەکرێتە سەر بەنزینخانەکان و لە هەر بەنزینخانەیەکیش فەرمانبەرێکى
سامانە سروشتییەکان چاودێرى دابەشکردن و جۆر و بڕ و بەهاکەى دەکات تا "بە هیچ
شێوەیەک پێشێلکارییەکى تێدا نەکرێت بەرامبەر بە هاوڵاتیان."
هەروەها ئاماژەی
بەوەشداوە كە چەند مەرجێکیش دیارىکراون بۆ بەنزینخانەکان بۆ چەسپاندنى ئەم دادپەروەرییە
کە ئەویش بەم شێوەیەیە:
ـ هەر بەنزینخانەیەک
کە بەنزینى نۆرماڵى حکومەتى وەرگرت، نابێت بەنزینێکى دیکەى نۆرماڵ بفرۆشێت.
ـ بە هیچ شێوەیەک
بەنزینە حکومییە ئۆکتانبەرزەکە تێکەڵ ناکرێت بە بەنزینی دیکەى نۆرماڵ.
ـ بە هیچ شێوەیەک
دەستکارى بەهاى بەنزینەکە ناکرێت و بە شێوەى لافیتە بە ئاشکرا بەها حکومییەکەى دیارى
کراوە.