2021-10-26   699     
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی تەندروستی سلێمانی ئاشكرای ده‌كات كه دۆخی تەندروستی لەسلێمانی و ئیدارەی راپەڕین بەهۆی هەڵکشانی ئامارەکانی کۆرۆنا ناجێگیرەو له‌ئێستادا جێگەی مانه‌وه بۆ توشبووانی كۆرۆنا له‌چاودێری چڕی نەخۆشخانەکان نەماوە.
ئاوێنه: هێرش سەید سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، دۆخی تەندروستی لە سلێمانی و ئیدارەی راپەڕین بەهۆی هەڵکشانی ئامارەکانی کۆرۆنا ناجێگیرە. وتیشی، جێگەی مانه‌وه بۆ توشبووانی كۆرۆنا له‌چاودێری چڕی نەخۆشخانەکان نەماوە.
ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه له‌سنوری سلێمانی و راپه‌ڕین ئاماری تووشبووانی كۆرۆنا له هه‌ڵكشانن، ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی له نه‌خۆشخانه‌كاندا ده‌خه‌وێندرێت، زیادیكردووه، نه‌خۆشێكی زۆریش چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ن، له چاودێری چڕ جێگه‌یان بكرێته‌وه، كه پڕن له نه‌خۆش.
جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ئاشكرایكرد، به‌رزبوونه‌وه‌ی رێژه‌ی تووشبووان، به‌گشتی به‌هۆی پابه‌ندنه‌بوونی به‌شێك له هاوڵاتیانه به‌رێنماییه‌كان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش ڤاكسینی كۆرۆنایان وه‌رنه‌گرتووه و خۆیان ناپارێزن.
روونیشكرده‌وه، زیادبونی حاڵه‌ته‌كانی كۆرۆنا له‌چاودێری چڕ، له‌به‌ر ئه‌وه‌یه كه هاوڵاتیان نیشانه‌كانی په‌تای كۆرۆنا له‌گه‌ڵ په‌تای وه‌رزی جیاناكه‌نه‌وه كه بووه‌ته هۆی كه‌مته‌رخه‌می، به‌ڵام كاتێك به‌خۆیان ده‌زانن، كارله‌كار ترازاوه.