تورکیا: بەپێی پێویست بڕیاری ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لە سوریا دەدەین
  2021-11-04       796       

وتەبێژی سەرۆکایەتیی كۆماری تورکیا لەبارەی ئەگەری ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی نوێی سەربازیی وڵاتەكەی بۆ سەر ناوچەکانی رۆژئاوای كوردستان رایگەیاند، سوپای تورکیا بەپێی پێویست بڕیاری ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن دەدات.

ئاوێنە: ئیبراهیم کاڵن، وتەبێژی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا ئەمڕۆ پێنجشەممە بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند"ئەگەر بیر لە هێڵی سنوری تورکیا-سوریا بکەینەوە، دەستەبەركردنی ئاسایش و پاراستنی سنورەکانمان کاری لەپێشینەمانە. بۆ ئەمەش هێزەکانمان چاوکراوەن و ئاگاداری هەمو پێشهاتێکن. بەپێی پێویست، سوپای تورکیا بڕیاری ئۆپەراسیۆن دەدات."

وتیشی"هاوکات پێویستە هەمو کەس ئەو راستییە بزانێت کە تورکیا پێداگرە لە پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیی خۆی و هیچ کاتێک هەڕەشەکان پاشگەزمان ناکانەوە، بەپێچەوانەوە سورتر دەبین لە بەرەنگاربونەوەیان."

ئەو وتانەی ئیبراهیم کاڵن لە کاتێکدان، ماوەی چەند هەفتەیەکە بەرپرسانی تورکیا هەڕەشەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی دیکەی سەربازی بۆسەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە رۆژئاوای كوردستان دەكەن. 
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×