ئەمریكا؛ بەهۆی دروستبونی قەرەباڵغی لە ڤیستیڤاڵێكدا هەشت كەس گیانیان لەدەستدا
  2021-11-06       340       

ئێوارەی هەینی، بەهۆی دروستبونی قەرەباڵغی لە ڤیستیڤاڵیێكی میوزیكدا لەشاری هیوستنی ویلایەتی تەکساسی ئەمریکا، هەشت کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 300 کەسی دیکەش برینداربون.

ئاوێنە: لە كاتی دەركەوتنی راپەرێك بۆ سەر سەكۆی ڤیستیڤاڵەكەو دەستكردن بە گۆرانی وت، ئامادەبوانی ڤیستیڤاڵەكە لە ئەنجامی هەوڵدان بۆ نزیكبونەوە لە سەكۆكە قەرەباڵغییەك دروست دەكەن.

نزیكەی 50 هەزار بۆ بەشداریكردن لە ڤیستیڤاڵی میوزیكی دو رۆژەی ئەسترۆ ۆڵد كۆببونەوە.

بەگوێرەی میدیا ئەمریكییەكان، دوای بینینی هەندێ لە هەوادارانی لە نزیک سەکۆکە، راپەرەکە چەندینجار وەستاوە و داوای لە هێزە ئەمنییەکان کردوە ئەوانەی توشی هەناسەتووندی بون لە نێو قەرەباڵغییەکە دەربهێنێت و هاوکارییان بکات.

بەهۆی ئەو رووداوەوە، رۆژی دووەمی فێستیڤاڵەکە کە شەممە بو، هەڵوەشایەوە.

ژمارەیەک ڤیدیۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە و پێشانیدەدەن کە کارمەندانی فریاگوزاری بە چەندین شێوە یارمەتیی ئەو کەسانە دەدەن کە توشی هەناسەتووندی بون و لەسەر زەوی کەوتون.

بە گوێرەی میدیای ئەمریکی، پێش ئەوەی فێستیڤاڵەکە دەستپێبکات، ژمارەیەکی زۆری بەشداربوان بە کۆمەڵ خۆیان کردوە بە دەروازەی ئەو پارکەی کە فێستیڤاڵەکەی تێدا رێکخرابو و گوێیان بە رێکارە ئەمنییەکان نەداوە.

پۆلیسی هیوستن رایگەیاند، ژمارەیەک لەو کەسانەی بونەتە هۆی ئاژاوەکە، دەستگیرکراون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×