2021-12-05   2775     
پەڕلەمانتارێکی پێشووی یەکێتیی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق جەختی لەوە کردوەتەوە کە یەکێتی سوورە لەسەر وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار، ئاشکراشى کردوە کە بەرهەم ساڵح تاکە کاندیدی یەکێتییە بۆ وەرگرتنەوەی ئەو پۆستە.
ئاوێنە: ڕێزان شێخ دلێر لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا بە پێگەی "مەعلوومە"ی راگەیاندووە" یەکێتی سوورە لەسەر وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمار و ڕێگە نادات ئەو پۆستە بۆ پارتی بێت، باسی لەوەشکردووە کە لەماوەی چەند رۆژی داهاتوودا هاوپەیمانی لایەنە کوردییەکان درووست دەکرێت و وەک یەک شاندی دانوستان روو لەبەغدا دەکەن".
دلێر لەبەشێکی تری لێدوانەکەیدا ئاماژەى بەوەشکردوە، پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمار پشکی یەکێتییە، ئەو حزبەش وەک کاندیدی پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمار بۆ قۆناغی داهاتوو دەست بە بەرهەم ساڵحەوە دەگرێت، روونیشی کردۆتەوە کە هێشتا لەسەر ئەو پرسە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی تردا گفتوگۆی نەکردووە".
بە وتەی پەڕلەمانتارەکەی پێشووی یەکێتیی، پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمار پشکی پێکهاتەی کوردییە و لەناویشیدا یەکێتیی، جەختیشی کردۆتەوە کە هەرچەندە هێشتا یەکێتیی بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو بابەتە گفتوگۆی لەگەڵ لایەنەکانی تردا نەکردووە، بەڵام سوورە لەسەر ئەوەی دوکتۆر بەرهەم بۆ قۆناغی داهاتووش ئەو پۆستە وەربگرێتەوە.
لای خۆشییەوە، سەلیم هەمزە شووشکەیی پەڕلەمانتاری پێشووی کۆمەڵی دادگەری لە ئەنجوومەنی نوێنەران ئاشکرایکردووە کە ڕێککەوتنێکی سەرەتایی کراوە بۆئەوەی هاوپەیمانی لایەنە کوردییەکان درووست بکرێت و بەیەک شاندی هاوبەش لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە عێراقییەکاندا بکەن.
شوشکەیی بە پێگەی "فوڕات نیوز"ی راگەیاندووە کە هێزە کوردییەکان بەشێوەیەکی سەرەتایی ڕێککەوتوون بەرە یان هاوپەیمانێتییەک بەسەرۆکایەتیی پارتی و یەکێتیی بۆ دانوستان لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان دروست بکەن، جەختیشی کردۆتەوە کە سەرجەم لایەنە کوردییەکان بەشداریی لە هاوپەیمانێتییەکەدا دەکەن.