به‌ڕێوه‌به‌ری تووندوتیژی دژی ژنان باس له‌ دۆسیه‌ی كوشتنی نه‌قیب محه‌مه‌د ده‌كات
  2021-12-07       820       


به‌ڕێوه‌به‌ری تووندوتیژی دژی ژنان له‌ سلێمانی باس له‌ دۆسیه‌ی كوشتنی نه‌قیب محه‌مه‌د و برینداركردنی سێ له‌ هاوكارانی ده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌وانه‌ له‌ شوێنی ئه‌نجامدانی تاوانه‌كه‌ رایانكردووه‌ و دۆسیه‌كه‌ داناخرێت، تا تۆمه‌تباران ده‌ستگیر ده‌كرێن و سزای خۆیان وه‌رده‌گرن.

ئاوێنه‌: عەمید سەرکەوت عومەر، بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە سلێمانی به‌ ده‌نگی ئه‌مریكای راگه‌یاند: "راستە ئەو ستافە ستافی بەڕێوەبەرایەتیەکەی ئێمە بوون چوبون بۆ دەستگیرکردنی کەسێک کە فه‌رمانی دەستگیرکردنی هەبوو، بەڵام وەک هەر دۆسێیەکی تاوانکاری تر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانیە و لە یەکێک لە بنکەکانی پۆلیس لێکۆڵینەوەی تیادا ئەنجام دەدرێت ئەوان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن، تا ئێستا تاوانبارانی ئەنجامدەری ئەو تاوانە دەستگیرنەکراون، ئەو حاڵەتانە وەک هەر کێشە و تاوانێکی تر تاوانبارەکە لە کاتی تاوانەکەدا ئەگەر لەو شوێنەدا هێزی تری لێبێت دەستگیر دەکرێت، ئەگەر دەستگیریش نەکرا ئەوا وەک هەر حاڵەتێکی تر پۆلیس سەرقاڵی لێکۆڵینەوە و دۆزینەوەی ئەنجامدەری تاوانەکە دەبێت ئێستا پۆلیس سەرقاڵی کاری پێویستە بۆ دەستگیرکردنی ئەو تاوانبارانە".

دەربارەی هۆکاری دەستگیر نەکردنی ئەو کەسانە؟ بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی رووبەڕووبونەوەی توند و تیژی دژی ئافرەتان، وتی: "دەستگیر نەکردنیان پەیوەندی بەوەوە هەیە کە هەرکەسێک تاوانێک دەکات نایەوێ خۆی رادەست بکات، ئەگەر لە شوێنی تاوانەکەدا دەرفەت نەبێت بۆ دەستگیرکردنی ئەوا دەچێت خۆی دەشارێتەوە، وەک دەزانرێت وڵاتی ئێمە وڵاتێکی فراوانە خەڵک بە ئاسانی دەتوانێت بچێت لە نێوان شارەکاندا بڕوات حەشارگە بۆخۆی بدۆزێتەوە، بەڵام ئەوە زۆر ناخایەنێت ئەوەی کە لەکاتی تاوانەکەدا دەستگیرنەکرا مانای وانیە کە ئیتر تەواو دۆسێیەکە دادەخرێت و رێوشوێن ناگیرێتەبەر، کێشەی وا زۆر بووە لە پۆلیس کە لە کاتی تاوانەکەدا تاوانبارەکە دەستگیرنەکراوە، بەڵام دواتر دوای کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچوون پۆلیس دەستیان گەیشتووە پێی و توانیوییانە دەستگیری بکەن".

وتیشی: "ئێمە ئومێدمان زۆرە کە ئەمڕۆ یا سبەینێ دامودەزگاکانی پۆلیس ئەو تاوانبارانە دەستگیر دەکەن، درەنگ کەوتنی دەستگیرکردنی ئەو تاوانبارانە گرنگی کەیسەکە کەم ناکاتەوە بەڵکو هەرکات دەستگیر بکرێن بە سزای یاسایی خۆیان دەگەن".

بەپێی دەنگۆی هەندێک لە میدیا لۆکاڵییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەو کەسانەی تاوانبارن لەو دۆسێیە بە هاوکاری بەرپرسێکی باڵا هەرێمی کوردستانیان بەرەو وڵاتێکی دەرەوە بەجێ هێشتووە، سەبارەت بەوەی ئەو دەنگۆیانە تا چەند راستە؟

عەمید سەرکەوت عومەر، وتی: "ئەمانە کە دەستگیرنەکراون لە شوێنی خۆیان (شوێنی ئەنجامدانی تاوانەکە) واتە هەڵهاتوون و رایان کردووە، کە رایانکردووە بۆ دەرەوە، یان کێیان لە پشتەوەیە؟ یاخود کێ تەداخولی کردووە؟ هیچ زانیارییەکی لەو شێوەیە لەبەردەستی مندا نیە".

عەمید سەرکەوت ئەوەشی وت: "کاری ئێمە وەک بەڕێوەبەرایەتی رووبەڕووبوونەوەی توند و تیژی دژی ئافرەتان و خێزان گرنگی و مەترسی هیچ کەمتر نیە لە گرنگی رووبەڕوبونەوەی تیرۆر و ئەو بەڕێوەبەرایەتی و دامودەزگایانەی کار بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر دەکەن، کاری ئێمە شەڕە دژی کەلتور و دابوونەریتێکی کۆن و سواوی کۆمەڵگاکەی خۆمان، شەڕ کردن لەگەڵ ئەم نەریتە کۆن و عەقڵیەتە شەڕێکی قورسە، هەموو یەکێک لە ئێمە لە میانەی جێبەجێکردنی ئەرکەکەی خۆماندا رەنگە رۆژانە رووبەڕووی مەترسی و گیر و گرفت ببینەوە، کاری ئێمە پاراستن تیایدا لە %100 نیە هەر لە میانەی ئەرکەکانماندا رووبەڕووی هەڕەشەو مەترسی دەبینەوە، سروشتی کارەکەشمان وایە کە سەر ئێشە بۆ ستافەکانمان دروست دەبێت، کاری پۆلیسی بە گشتی لە دنیادا بەوجۆرەیە".

بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی رووبەڕووبونەوەی توند و تیژی دژی ئافرەتان و خێزان ئەوەشی وت: "ئێمە پێشتریش داوامانکردووە لە دوای رووداوەکە کە تاوانباران دەستگیر بکرێن، هاوکات داوای ئەوەشمان لە حکومەت کردووە کە ئەم دەزگایانەی ئێمە پێویستی بە کۆمەک و پشتیوانی زۆر زیاتر هەیە ئەو ئەرکانەی ئێمە لە ئێستادا پێی هەڵدەستین زۆر زیاترە لەو توانایانەی لەبەر دەستی ئێمەدایە، داوامانکردووە بە زووترین کات بێن بە دەم داواکارییەکانمانەوە تا لە کاتی رووبەڕووبوونەوەی تاوانباران و جێبەجێکردنی ئەرکەکانماندا هەر نەبێت زیانی کەمترمان بەربکەوێت".

عەمید سەرکەوت عومەر ئەوەشی وت: "توند و تیژی و کێشە و گرفت لە کۆمەڵگای ئێمەدا زۆرە، ناسەقامگیری ئەمنی و سیاسی لەو چەند ساڵەی رابردوودا هۆکارن بۆ ئەوەی لەگەڵ خۆیدا گیر و گرفت و کێشەی کۆمەڵایەتی دروست کردووە جگە لە فراوانبوونی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و خراپ بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا یەکێکی ترن لە هۆکارەکانی توند و تیژی کە ئامارەکان زیاد ببن".

لەو بارەیەوە ئاڵا لەتیف، خوشکی نەقیب محەمەد بەدەنگی ئەمریکای وت: "ئێمە پێمان وایە دەبێت کەیسی نەقیب محەمەد، حکومەت بۆ خۆی خاوەندارێتی بکات، ئەم کەیسە دەبێت لە دادگای سەربازی یەکلایی بکرێتەوە، خاوەندارێتی ئەم کەیسە دەگەڕێتەوە بۆ (شۆخان-هاوسەری نەقیب محەمەد)، دواتر باوک و دایکمان، خوشکەکانی نەقیب محەمەد".

ئاڵا ئەوەشی وت: "ئێمە لە پای داواکارییەکانمان هەموو رۆژنامەنوسان و خەڵکانێک کە ئیشییان بە سەروەر بوونی یاسا هەیە لە کۆمەڵگای کوردیدا بە هاوکاری خۆمان دەبینینەوە، پێمان وایە ئەوان بەشێکن لە پشتیوانی ئێمە هێز بە ئێمە دەبەخشن کە بەردەوام بین لە هەڵگرتنی ئەم کۆستە گەورەیە".

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ ئێوارەی رۆژی شەممە 4ی كانوونی یه‌كه‌می 2021، مەفرەزەیەکی بەڕێوەبەرایەتی رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە کاتی جێبەجێکردنی فه‌رمانی دادگا بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارێک دەچنە یەکێک لە گەڕەکەکانی سلێمانی، بەڵام لە لایەن کەسێکی نزیک لەو تۆمەتبارەوە تەقە لەو مەفرەزەی پۆلیس دەکرێت، لەوێدا (نەقیب محەمەد لەتیف) گیان لە دەستدەدا، سێ هاوکاری تریشی بریندار دەبن، تا ئێستا هیچ کەس لەسەر ئەو تاوانە دەستگیر نەکراوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×