عەلی ئەکبەر ویلایه‌تی، راوێژکاری ئایه‌توڵا عه‌لی خامنه‌یی، رێبه‌ری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ کاروباری نێودەوڵەتی رایگه‌یاند، ئێران و روسیا توانای هەرێمیان هەیە و کاریگەری بەرچاویان لەسەر روداوه‌كان هەیە، ده‌شڵێت، تاران سودی له په‌یوه‌ندیه‌كانی له‌گه‌ڵ مۆسكۆ وه‌رگرتوه و "لە ماوەی 50 ساڵی رابردوشدا هێندەی ئێستا بەهێز نەبوە".
ئاوێنه: عەلی ئەکبەر ویلایه‌تی له لێدوانێكدا رایگه‌یاند، "ویلایه‌ته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا نەیتوانیوە بیسەلمێنێت کە شایەنی پەیوەندیەکی وەک ئەو پەیوەندیەیە کە لەگەڵ روسیا هه‌مانه، پێویستە وتوێژە نێودەوڵەتییەکانی تاران له چوارچێوە و یاساکانی ئەنجومەنی ئاسایش‌دا به‌ڕێوه‌بچن و روسیاش وەک ئەندامێکی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش دەتوانێت ڕۆڵی ئیجابی ببینێت لەم بوارەدا، مۆسكۆ رۆڵێکی گرنگی هەیە لە دانوستانە ئەتۆمییەکان و بەشێوەیەکی سروشتیش راوێژی پێده‌كه‌ین".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "سەربەخۆیی پێگەی ئێران یه‌كێكه له پاڵپشتییه‌كان له گفتوگانی ئه‌تۆمیدا، لەلایەکی ترەوە ئێمە چەندین بژاردەمان هەیە کە باڵادەستیی خۆمان لەسەر لایەنەکانی تر بۆ دانوستانەکان زیاد دەکات، گەمارۆکانی ئەمریکاش کاریگەرییان لە دەست داوە و قەبارەی هەناردەکردنمان زیادیکردوە و پەیوەندی بازرگانیشمان لەگەڵ هەندێک وڵات و بەتایبەتی وڵاتانی ناوچەکە دو هێندە بوە".
ویلایه‌تی وتیشی، "ئێران لە ماوەی 50 ساڵی رابردودا هێندەی ئێستا بەهێز نەبوە و ئەمریکاش باش ئاگاداری ئەمەیە و دەزانێت کە دیارترین ركابه‌ره‌كانی له ئێستادا لە جیهاندا چین و روسیا و ئێرانن".
راوێژکارەکەی خامنەیی رونیشیكرده‌وه، "پەیوەندیمان لەگەڵ روسیا لەسەر بنەمای رێزگرتنی هاوبەش و یەکسانی و ناسینی مافەکانی لایەنی بەرامبەر و دەستوەرنەدانه لە کاروباری ئەوی تردا، ناتۆش دوژمنێکی هاوبەشی ئێران و روسیا و چینە".
عەلی ئەکبەر ویلایه‌تیی ده‌شڵێت، "ئێمە سودمان لە پەیوەندی لەگەڵ روسیا وەرگرتوە بەتایبەتی لەبواری تەکنەلۆجیا، ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ چینیش ئەمڕۆ پەیوەندییەکی هاوسه‌نگمان هه‌یه لەسەر بنەمای رێزگرتنی هاوبەش و هاوکاری".