گروپێک بەرپرسیارێتى خۆی لە تەقاندنەوەى بۆرییە نەوتییەکەى هەرێم لەنێو خاكی توركیا راگەیاند
  2022-01-19       1477       

بزوتنەوەی شۆڕشگێڕی یەكگرتوی گەلان ناسراو بە "هەبەدەهە"، ئەمڕۆ چوارشەممە، بەرپرسیارێتی تەقاندنەوەی بۆرییە نەوتییەكەی هەرێمی كوردستانی لەنێو خاكی توركیا لە ئەستۆ گرت.

ئاوێنە: بەگوێرەی میدیای رەسمی پەكەكە، بزوتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕی یه‌كگرتوی گه‌لان (هه‌به‌ده‌هه) لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی"له‌ 18ی كانونی دوه‌می 2022دا، جه‌نگاوه‌رانمان بۆری نه‌وتیان له‌ مه‌رعه‌ش له‌ رێگه‌ی ته‌قینه‌وه‌یه‌كه‌وه‌ تێكشاندوه‌."

ئاوێنە لە تەلەگرام جۆین بكە

لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە"جه‌نگاوه‌رانمان دوای چالاكیه‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی پارێزراو گه‌ڕانه‌وه‌ بنكه‌كانی خۆیان."

دوێنێ سێشەممە، کۆمپانیای بۆتاشی تورکی رایگەیاند، بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستانی بۆ بەندەری جەیهان لە نزیک پارێزگای کاهرەمانمارس لەنێو خاكی توركیا تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە گواستنەوەی نەوت ڕاگیراوە. 

ئەمڕۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم لەراگەیەنراوێکدا دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی لەڕێگەی بۆرییەكەوە راگەیاند.

وەزارەتەكە لە راگەیەندراوێكدا وتبوی"دوای ئەوەی ئێوارەى رۆژی سێشەممە ڕێکەوتى 18ی کانونی دوەمی 2022، بۆرى هەناردەکردنى نەوتى هەرێمی کوردستان لە نێو خاکی تورکیا تەقییەوە و ئەمەش بوە هۆى وەستانێکى کاتى هەناردەکردنەکە بۆ بەندەرى جەیهان...ئەو تەقینەوەیە كاریگەری لەسەر هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان هەبوەو لە ئێستادا هەناردەكردنی نەوت دەستی پێكردۆتەوە."

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان وتبوشی "بەپێی زانیارییەکان، تەقینەوەی بۆرییەکە بە هۆی شۆرتی کارەبا ڕویداوە و لەگەڵ ئەوەشدا حکومەتى هەرێم وردتر لە ڕوداوەکە دەکۆڵێتەوە".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×