بەپێی ڕاپۆرتە كەشناسییەكان، ئەم شەپۆلی بەفر و بارانەی ماوەی چەند ڕۆژێكە هەرێمی كوردستانی گرتۆتەوە كۆتایی دێت و پلەكانی گەرما ڕوو لە بەرزبوونەوە دەكەنەوە.
ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەو بارستە ھەوا ساردە جەمسەریەی ناوچەكەی گرتۆتەوە بەرەو كشانەوە دەچێت لە ئێستادا و تەنھا پاشماوەی ئەو بارستە ھەوایە لەسەر ناوچەکەمان ھەیە، کە بۆماوەی چەند ڕۆژێکی تر دەمێنێتەوە.
لای خۆشیەوە، محەمەد كەمال، شارەزای كەشناسی ڕایگەیاند، سبەینێ شەممە، ئاسمان هەور و هەتاو دەبــێت و خێرایی با بەڕێژەی 7 کیلۆمەتر چالاکـ دەبێت و پلەکانی گەرما بەڕێژەی 4 پلە بەرزدەبنەوە.
هاوكات، ئاسۆ كەمال، بەڕێوەبەری كەشناسی و بوومەلەرزەزانی سلێمانی ڕایگەیاندووە، لە سبەینێوە پلەكانی گەرما دەست بە بەرزبونەوەیەكی كەم دەكەن، بەڵام شەوان و بەیانیان پلەی گەرما هەر بەنزمی دەمێننەوە.
ڕاشیگەیاندووە، ئەم دوو ڕۆژەی داهاتوو شەممە و یەك شەممە بەڕۆژیش هەر پلەكانی گەرما نزم دەبن ئەگەرچی جیاوازیەكی كەمی دەبێت لەمڕۆ، بەڵام لە ڕۆژی دوو شەممەوە دەگەڕێتەوە دۆخی تێكڕای ئاسایی ساڵانەی خۆی.