"مانگی رابردو لەسەرانسەری جیهاندا ١٢ رۆژنامەنوس تیرۆرکراون"
  2022-02-01       546       

به‌پێی‌ ئامارێكی‌ رێکخراوی پرێس ئیمبلیم کامپین (PEC) کە بارەگاکەی لەشاری جنێڤی سویسرایە، مانگی رابردو لەسەرانسەری جیهاندا ١٢ رۆژنامەنوس تیرۆرکراون.

ئاوێنه‌: رێکخراوەکە کە کار دەکات بۆ دەستەبەرکردنی مافی یاسایی‌و ئاسایشی رۆژنامەنوسان لەسەرانسەری جیهاندا، لەراگەیەندراوێکدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە تیرۆرکردنی رۆژنامەنوسان بەو ژمارەیە لەیەکەم مانگی ٢٠٢٢دا جێگەی سەرسوڕمانە.


بلایس لیمپین، سکرتێری گشتیی رێکخراوه‌كه‌  تیرۆرکردنەکانی ئیدانه‌ كردوه‌و ده‌ڵێت، ''یەکەم مانگی ٢٠٢٢ بەهەواڵی ناخ هەژێن دەستیپێکرد کە ١٢ کارمەندی راگەیاندن لەلایەن هێرشبەرانەوە تیرۆرکراون''.

بلایس لیمپین باسی لەوەش کرد کە لەمەکسیک چوار، هایتی، هۆندوراس‌و پاکستان یەکی دو رۆژنامەنوس‌و لەکازاخستان‌و میانمار یەکی یەک رۆژنامەنوس تیرۆرکراون.

بەپێی زانیارییەکانی رێکخراوەکە، لەساڵی ٢٠٢١دا لە ٢٩ وڵاتدا، ٧٩ رۆژنامەنوس تیرۆر کراون لەئەفغانستان ١٢، مەکسیک ١٠، پاکستان حەوت، هیندستان شەش‌و لەفلیپین چوار رۆژنامەنوس لەهێرشی جۆراوجۆردا گیانیان لەدەستداوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×