حكومەتی هەرێم بۆری گازی سروشتی هەتا نزیكی سنورەكانی توركیا ڕادەكێشێت
  2022-02-08       789       

حكومەتی هەرێمی كوردستان بەنیازە بۆرییەكانی گاز هەتا سنوورەكانی توركیا درێژ بكاتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش ڕێككەوتنی لەگەڵ كۆمپانیایەك كردووە، پێشبینیدەكرێت لە ماوەی 16 مانگدا تەواو بكرێت.

ئاوێنە: بەپێی ماڵپەری “ئیراك ئۆیل ریپۆرت” وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی هەرێمی كوردستان لە مانگی 12 ی ساڵی 2021 گرێبەستێكی كردووە لەگەڵ كۆمپانیای كارگرووپ بۆ راكێشانی بۆڕییەكی 36 ئینجی لە كێڵگەی گازی كۆرمۆرەوە بۆ هەولێر و بۆڕییەكی دیكەی 52 ئینجیش لە هەولێرەوە بۆ دهۆك. بەوپێیەش تەنیا 35 كیلۆمەتر دەمێنێت تاوەكو بۆری گازی سرووشتیی هەرێمی كوردستان بگاتە سنووری نێوان توركیا و هەرێمی كوردستان.

بەپێی سەرچاوە پیشەسازییەكانی نەوت، ئامانجی سەرەكیی شۆڕكردنەوەی بۆری گازی سرووشتیی هەرێمی كوردستان، گەیاندنی گازی سرووشتییە بۆ وێستگەی كارەبای دهۆك كە لەلایەن كۆمپانیای ماس گڵۆباڵەوە دامەزراوە و توانای دابینكردنی هەزار میگاوات كارەبای هەیە، بەڵام بەهۆی نەبوونی سووتەمەنی ئێستا تەنیا 50 تاوەكو 80 مێگاوات كارەبا بەرهەمدەهێنێت.

حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2013 دا رێككەوتنێكی بۆ هەناردەكردنی گازی سرووشتیی لەگەڵ توركیا واژۆكرد، بەڵام هێرشی داعش لە ساڵی 2014 دا و بڕینی بەشە بوودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی فیدراڵییەوە بووە هۆی ئەوەی كە كیڵگە گازییەكانی هەرێمی كوردستان بەپێی پێویست پەرەیان پێنەدرێت.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×