قایمقامی ھەولێر دەڵێت، بڕیاری ھاوردەکردنی سوتەمەنی و غاز بۆ ئەوەیە کە لەو ڕێگەیە بتوانین نرخەکەی دابەزێنین، بۆیە پێویستە ئەو سووتەمەنی و غازەی ھاوردە دەکرێت نرخی لەوەی ئێستا ھەیە هەرزانتر بێت.
ئاوێنه: نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی ھەولێر ڕایگهیاند، ''بڕیار دراوە کە سووتەمەنی و غاز لە عێراق بۆ ھەرێمی کوردستان ھاوردە بکرێت، ئەمەش ڕێگایەکە بۆ ئەوەی نرخی سووتەمەنی و غاز لە ھەرێمی کوردستان لەوەی ئێستا ھەیە هەرزانتر بێت، بۆ ئەوەی ڕێککەوتن بکرێت و بەغدا ڕێگە بدات، پێویستە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا بکات ''.
وتیشی، ''نرخی سووتەمەنی لە ھەولێر ئێستا دیارە و بەنزین لە ٦٩٠ دەست پێ دەکات ولە عێراق نرخی یەک لیتر بە ٤٥٠ دینارە و نەوت و غازیش گرانە، بۆیە پێشبینی دەکەین کە سووتەمەنی و غاز ھاوردە بکرێت و نرخەکەی ھەر ھیچ نەبێت بۆ ھەر لیترێک سووتەمەنی ٢٠٠ دینار کەمتر بێت و غازیش هەرزانتر بێت، ئەوەش کارێکی باشە و لە قازانجی ھاووڵاتییاندایە، ھەر بۆیەش ئەو بڕیارە دراوە.''