ئەمریکا دوو پاتری سیستمی دژە موشەکیی پاتریۆتی ڕەوانەی پۆڵەندا دەکات
  2022-03-09       508       

فەرماندەیی ئەمریکا لە ئەوروپا ڕایگەیاند، دوو پاتری سیستمی دژەمووشەکی پاتریۆت بەمەبەستی بەرگریی ڕەوانەی پۆڵەندا دەکرێن.  

ئاوێنە: بەپێی ڕاگەیەندراوێک کە لەلایەن فەرماندەیی ئەمریکا لە ئەوروپا بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە کراوە کە جەنەراڵ تۆد وۆڵتێرس، فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەروپا فەرمانی کردووە بە ناردنی دوو پاتری سیستمی دژەمووشەکی پاتریۆت بۆ پۆڵەندا.  

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لەسەر داوای پۆڵەندا و بە فەرمانی جەنەراڵ وۆڵتێرس، فەرماندەیی ئەمریکا لە ئەورووپا و فەرماندەیی لە ئەفریقا، دوو پاتری سیستمی دژەمووشەکی پاتریۆت لە پۆڵەندا جێگیر دەکرێن. ئەوەیش خراوەتەڕوو کە ئامانجی ئەو پاتریانە تەواو بەمەبەستی بەرگرییە و، بەهیچ شێوەیەک ئامانج لەو مووشەکانە هێرش کردن نییە.  

دەرکەوت کە جیاوازی لە هەندێ هەڵوێست هەیە لە نێوان ئەمریکا و پۆڵەندا لە بارەی ناردنی فڕۆکە بۆ ئۆکراینا، پۆڵەندا دەڵێت ئەو فڕۆکانە راستەوخۆ رادەستی ئۆکراینایان ناکات، بەڵکو رادەستی بنکەی سەربازیی ئەمریکایان دەکات لە پۆڵەندا.   

پنتاگۆنیش ئەگەری راستەوخۆ رادەست کردنی ئەو فڕۆکانە لەلایەن ئەمریکاوە بۆ ئۆکراینیا بە رەوشێک ناوزەند کرد کە جێبەجێ کردنی نەگونجاوە.  

  

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×