دوای تۆمەتباركردنی كوڕێكی بە كوشتنی كارمەندێكی ئاسایش لە چەمچەماڵ، وا بڵاوكرایەوە كە عەبدوڵای كوێخا موبارەك بەرەو هەولێر هەڵاتوە. بەڵام ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا لەزاری سەرچاوەیەكی نزیك لە عەبدوڵای كوێخا موبارەك رەتیكردۆتەوە كە ناوبراو چەمچەماڵی جێهێشتبێت و هەروەها برایەكی کارمەندە کوژراوەکەی ئاسایشیش جەختی لەسەر هەمان زانیاری کردۆتەوە.
ئاوێنە، دەنگی ئەمریكا: دوێنێ چوارشەممە، سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بە تۆمەتی کوشتنی ئەو كارمەندەی ئاسایش كە شەوی 20ی ئەم مانگە لە چەمچەماڵ كوژرا، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ عەبدوڵای کوێخا موبارەک، دو کوڕی، دو برای و دو ئامۆزای دەرچوە بەڵام هەمویان لە چەمچەماڵەوە بۆ شوێنێكی نادیار هەڵاتون.
رەمک ڕەمەزان قایمقامی قەزای چەمچەماڵ، ئەمڕۆ، بە دەنگی ئەمەریکای وت"روداوەکە لە کاتی پشودا رویداوە، لە چەند ڕۆژی داهاتودا کار بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگا دەکەين، لە بەرامبەر سکاڵا لەسەر تۆمارکراوەکان."
کێشەی نێوان کارمەندەکەی ئاسایشی چەمچەماڵ و کوڕی عەبدوڵای کوێخا موبارەک، کە دواتر کوژرانی ئاسایشەکەی لێکەوتەوە، بە چەند جۆرێکی جیاواز باس دەکریت، کەسوکاری کوژراوەکە هۆکاری روداوەکە بۆ کۆمێنت نوسین دەگێڕنەوە.
پشتیوان عوسمان برای محەمەد عوسمان، کارمەندە کوژراوەکەی ئاسایش، بە دەنگی ئەمەریکای وت"پێشتر براکەم و کوڕەکەی عەبدوڵای کوێخا موبارەک لەسەر کۆمێنت نوسین بوەتە کێشەیان، دواتر ئۆتۆمبێلیان شکاندوەتە سەری، بۆیە سکاڵامان تۆمار کرد، ئەوان داوای کشانەوەی سکاڵاکەیان کرد، ئێمە ڕەتمانکردەوە، دواتر کوڕەکەی عەبدوڵاو براکانی لەگەڵ چەند کەسێکی تردا، پلانیان داڕشتوەو براکەمیان کوشتوە."
جەختیشیکردەوە"سکاڵایان لەسەر عەبدوڵاو کوڕەکەی و چەند کەسێکی تریش تۆمارکردوە."
کارمەندە کوژراوەکەی ئاسایش، خەزوری کوڕە مامێکی عەبدوڵای کوێخا موبارەکە، کە ئەویش فەرماندەیەکی سەربازی پارتی دیموکراتی کوردستانە، هەندێک سەرچاوەش هۆکاری سەرهەڵدانی کێشەکە لە بنەڕەتدا، بۆ کێشەی نێوان عەبدوڵا و ئامۆزاکەی دەگێڕنەوە، بەڵام پشتیوان عوسمان ئەمەی ڕەتکردەوە، وتی"هاوسەری ئامۆزاکەی عەبدوڵا پورمە، کێشەکە لەسەر کۆمێنت نوسین و گێچەڵ کردن بە براکەم رویداوە، هیچ پەیوەندی بەوانەوە نییەو کێشە روینەداوە لە نێوانیان."
بەڵام کەسێکی نزیکی عەبدوڵای كوێخا موبارەك كە قسەی بۆ دەنگی ئەمریكا كردوە هۆکاری روداوەکەی بۆ "گێچەڵ" پێکردنیان گێڕاوەتەوە.
بەشێک لە میدیاکان هەواڵی هەڵاتنی عەبدوڵای کوێخا موبارەکیان لە چەمچەماڵەوە بۆ هەولێر بڵاوکردەوە، قایمقامی چەمچەماڵیش بە دەنگی ئەمەریکای وت"بەپێی زانیارییەکانی ئێمە، عەبدوڵا لە چەمچەماڵ نەماوە."
بەڵام سەرچاوە نزیکەكە لە عەبدوڵای کوێخا موبارەک ڕەتیکردەوە، ناوبراو چەمچەماڵی جێهێشتبێت و ئاماژەی بەوەکرد عەبدوڵاو ژمارەیەک چەکدار لە باخێکی نزیک چەمچەماڵن. پشتیوان عوسمانی برای کارمەندە کوژراوەکەی ئاسایشیش جەختی لەسەر هەمان زانیاری کردەوە.
بەپێی وتەی بەرپرسانی ئەمنی چەمچەماڵیش کە بۆ دەنگی ئەمەریکا قسەیان كردوە، کاتێک دادگا بڕیاری گرتنی بۆ کوڕی عەبدوڵای کوێخا موبارەک دەرکردوە، چونەتە سەر ماڵەکەی و پشکنیویانە، بەڵام تۆمەتبارەکەیان دەستنەکەوتوە.
سەبارەت بە هۆکاری دەستگیرنەکردنی کوێخا عەبدوڵا، بەرپرسانی ئەمنی چەمچەماڵ ئەوەیان بە دەنگی ئەمەریکا وتوە"کاتێک چونەتە سەر ماڵی عەبدوڵا، تەنها بڕیاری گرتنی کوڕەکەی هەبوە."