وەزیری دەرەوەی یۆنان: کوردستان لەبەردەم دەرفەتێکی مێژوییدایە بۆ هەناردەکردنی نەوت‌و گاز بۆ ئەوروپا
  2022-04-09       550       

بەگوێره‌ی‌ راگەیه‌ندراوی سەرۆکایەتیی حکومەتی هەرێم، لەمیانه‌ی‌ کۆبونەوەیدا لەگەڵ قوباد تاڵه‌بانی‌، وەزیری دەرەوەی یۆنان رایگەیاندووە، "کوردستان لەبەردەم دەرفەتێکی مێژوییدایە بۆ هەناردەکردنی نەوت‌و گاز بۆ ئەوروپا". ئه‌ندامێكی‌ لیژنه‌ی‌ وزه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان-یش ده‌ڵێت، کە هەرێم لەئێستادا توانای هەناردەکردی غازی نیە، ئەم قسانە بەس گرفت بۆ هەرێم دروستدەکات.

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ شەممە قوباد تاڵەبانی، جێگری سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هەرێمی کوردستان کە بەمەبەستی بەشداریکردن لەکۆڕبەندی ئابوریی دێلفی لەیۆنانە، لەگەڵ نیکۆس دێندیاس، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆبوەوە.
 
بەگوێره‌ی‌ راگەیه‌ندراوی سەرۆکایەتیی حکومەتی هەرێم، لەکۆبونەوەکەدا باس لەپرسی وزەو پێگەی کوردستان لەڕوی نەوت و گازەوە کراوەو وەزیری دەرەوەی یۆنان ئاماژەی بەوەداوە کە "کوردستان لەبەردەم دەرفەتێکی مێژوییدایە بۆ هەناردەکردنی نەوت‌و گاز بۆ ئەوروپا".
 
له‌وه‌ڵامی‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمدا، عه‌لی‌ حه‌مه‌ساڵح، ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ وزه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان ده‌ڵێت، "کە هەرێم لەئێستادا توانای هەناردەکردی غازی نیە، ئەم قسانە بەس گرفت بۆ هەرێم دروستدەکات.. نیوەی وێستگەکانی کارەبا کارناکەن بەهۆی نەبونی بەرهەم.. ڕۆژانە ٤٤٠ ملیۆن پێسێجا دەچێت بۆ وێستگەکان نزیکەی ٨٠٠ ملیۆن پێویستە."

راشیگه‌یاندووه‌، "چەندین کۆمپانیای گەورە ئامادەن بۆری غاز بۆ ماڵان و کارگەکانی کوردستان رابکێشن بەبێ ئەوەی دینارێکی حکومەتی هەرێمی بوێت و بەوه‌بەرهێنان دەیکەن، بەڵام کۆمپانیاکانی دەسەڵات ململانێیانە خۆیان بیکەن!".

به‌وته‌ی‌ ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌، "بەم پەلە کردن‌و لێدوانە بێ دراسانە.. سەری هەرێم دەخورێت!".

له‌ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمدا ئه‌وه‌ش هاتووه‌، "قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەبڕیارەکەی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق کردووە کە رۆژی 15-02-2022 هەناردەکردنی کەرتی نەوت و گاز لەهەرێمی کوردستان بە "نادەستوری" ناوبرد. قوباد تاڵەبانی لەو بارەوە وتویەتی، "راستە دەرفەتی مێژویی لەبەردەم کوردستاندایە، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ سەبارەت بەپرسی هەناردەکردنی نەوت و گاز ناکۆکن، هەربۆیە پێویستە سەرەتا کێشە یاساییەکانی نێوان حکومەتی هەرێم‌و حکومەتی فیدراڵ چارەسەر بکرێن".
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×