بهرپرسێكی وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەمساڵ بەرھەمی گەنم زۆر کەمو خراپ دەبێت بەھۆی کەمی بارانبارین، بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆش ناچارن پشت بەگەنمی ھاوردە ببەستین، چونکە بەرھەمی ئەمساڵ لەساڵی ڕابردو کەمتر نەبێت زیاتر نابێت.
ئاوێنه: ڕێژین سدقی، بەڕێوەبەری چاندنو بنەتۆ لەوەزارەتی کشتوکاڵ ڕایگهیاندووه، "ئەمساڵ بەرھەمی گەنم زۆر خراپهو ئەگەری ھەیە ڕێژەی ھەرە زۆری بەرھەمەکان نەدورێتەوە بەھۆی کەمی بارانبارین، لەئەنجامدا زەویەکی زۆر لەناو دەچێت و بەرھەمی نابێت، سەرەڕای ئەوەی ئەمساڵ ڕێژەیەکی زۆری گەنم لە ھەرێمی کوردستان چێندراوە، کە نزیکەی ٢ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار دۆنمە کە کەمتر لەملیۆنێک چاوەڕێ دەکرێت بەرھەمی ھەبێت و ئەوەی دیکە بێ بەرھەم دەبێت، چونکە بێ بارانی کاریگەری زۆری ھەبوو لەسەر بەرھەمی گەنمی ئەمساڵ".
وتیشی، "ئەوەی بیشدورێتەوە بەرھەمی کەم دەبێت، بۆیە ئەمساڵ زیانی زۆر بە جوتیاران دەکەوێت و چارەسەریشی قورسە، چونکە بەرھەم زۆر کەم دەبێت، بۆیە ناچارین پشت بە ھاوردە ببەستین، چونکە ساڵی ڕابردوو بەرھەم کەم بوو ئەمساڵیش کەمتریش نەبێت زیاتر نابێت".
ناوبراو دهڵێت، "ساڵی ڕابردوو ١٢٦ ھەزار تەنمان ڕادەستی سایلۆکان کرد و بەرھەم زۆر کەمبوو، کە نزیکەی ٢٥٠ ھەزار تەن بوو، بۆیە ئەمساڵیش ڕادەستی سایلۆ دەکرێت بەس ڕێژەکە کەم دەبێت".