تەندروستی سلێمانی: هیچ حاڵەتێکی تای خوێنبەربون لەسلێمانی تۆمارنەکراوە
  2022-05-14       294       


بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی تای خوێنبەربون لەسلێمانی تۆمارنەکراوە. بریکاری وەزارەتی تەندروستی-یش به‌پێویستی‌ ده‌زانێت كه‌  هاوڵاتیان پابەندی رێکارە تەندروستییەکان بن.

ئاوێنه‌: د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بەرۆژنامەنوسانی راگەیاند، "تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی توشبون بەڤایرۆسی تای خوێنبەربون لەسلێمانی تۆمارنەکراوە، هەر حاڵەتێکی گومانلێکراو هەبێت، نمونەی پشکنین دەنێرین بۆ بەغداو دوای دڵنیابونەوە لەئەنجامەکەی بڵاویدەکەینەوە".

وتیشی، "تیمەکانمان ئامادەن راهێنان دەکەن‌و شارەزایی پێشینەشیان هەیە، شوێنی تایبەتمان هەیە، گەر هەر حاڵەتێک هەبێت، رێکاری خۆمان دەگرینە بەر".

هاوكات د. رەهێڵ فەرەیدون، بریکاری وەزارەتی تەندروستی وتی‌، "تائێستا یەک حاڵەت لەهەرێم‌و لەشاری هەولێر تۆمارکراوە، دەتوانین بڵێین دۆخەکە لەدەست دەرنەچوە، بەڵام پێویستە هاوڵاتیان پابەندی رێکارە تەندروستییەکان بن".

ئه‌وه‌شی‌ وت، "ڤایرۆسەکە مەترسیدارە ئەگەری مردنی کەسی توشبو زۆرە بەتایبەت کە کەسەکە توشی خوێنبەربون دەکات، هەر بۆیە هێندە جەخت لەخۆپارێزییەکان‌و پابەندبون بەرێنماییە تەندروستییەکان دەکەینەوە".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×