نەوەی نوێ: پارتی لەڕێگەی پاراستنەوە کەوتۆتە بێھیواکردنی ھاوڵاتیان
  2022-05-24       409       

وتەبێژی جوڵانه‌وه‌ى نەوەی نوێ ئاشكرایده‌كات، پارتی دیموكراتى كوردستان لەڕێگەی ده‌زگاى پاراستنەوە کەوتۆتە بێھیواکردنی ھاوڵاتیان، ده‌شڵێت:"ده‌سه‌ڵات لەبەر شڵه‌ژاویی‌و دۆخی خراپی خۆی سەرلەنوێ کەوتۆته‌ بێهیواكردنی خەڵک".

ئاوێنه‌: بۆ دووەمجار باڵوێزی ئەمریکا لەماوەی هەفتەیه‌كدا باسی هەڵبژاردنەکانی هەرێم‌و زه‌رووریه‌تی گۆڕانکاریی كرد، له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ ھیمداد شاھین وتەبێژی نەوەی نوێ له‌په‌یامێكدا له‌فه‌یسبوكى خۆى نووسیویه‌تى:"دواى ئه‌و په‌یامه‌، ڕاستەوخۆ دەزگای پاراستنی پارتیی ئیعازیداوە بەهەرچی پارتیی‌و ئەوانەشی لەژێرەوە لەگەڵ دەزگای پاراستندان کە ڕه‌شبینیی بڵاوبكه‌نه‌وه‌و دژی هەڵبژاردن‌و هەوڵەکانی ئەمریکاو نەتەوەیەکگرتووەکان قسه‌بكه‌ن تا خەڵك هیوایان نەمێنێت‌و لەم هەڵبژاردنە چارەنوسسازەدا بەشدارنەبن".

ده‌شڵێت:"دەسەڵات ترسی هەیە هاوشێوەی عێراق بەفشاری نەتەوەیەکگرتووەکان، هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت‌و ترسی هه‌یه‌ هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌ی عێراق سەرۆک وەزیرانێک لەدەرەوەی پارتە دەسەڵاتدارەکان دابندرێ، بۆیه‌ ده‌سه‌ڵات لەبەر شڵه‌ژاویی‌و دۆخی خراپی خۆی سەرلەنوێ کەوتۆته‌ بێهیواكردنی خەڵک".

وته‌بێژى نه‌وه‌ى نوێ باس له‌وه‌شده‌كات، "قسەکردن بەئاڕاستەی بێهیواكردنی خەڵک لەهەڵبژاردن، درێژکراوەی هەمان هەڵمەتی پارتیی‌و یەکێتیە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن‌و خزمەت بەهیچ کەس‌و لایەنێک ناکات پارتی‌و یەکێتی نەبێت".

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ ماتیۆ تولەر باڵیۆزی ئەمریکا لەبەغدا لەدیدارێکیدا لەگەڵ هەندێ کەسایەتی سیاسی لەپەیمانگای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە (meri) وتوویه‌تى:"پشگیریی بۆچونەکانی جنین پلاسخارت نوێنەری نەتەوەیەکگرتوەکان لەعێراق دەکەم کە وتویەتی مەرج نییە ئەم بارودۆخە بۆ هەرێم بەمشێوەیە بەردەوامبێت، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش سەنگی مەحەك دەبێ بۆ دەربازبوون یان خراپتربوونی بارودۆخی هەرێم لەم قۆناغەدا".
 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×