پارێزه‌رێك: له‌مه‌ودوا هاوڵاتیان ده‌توانن پاره‌ى كۆكردنه‌وه‌ى خۆڵ نه‌ده‌ن
  2022-05-25       481       

پارێزه‌رێك ئاشكرایده‌كات، ئه‌مڕۆ له‌دادگا كه‌یسێكى بردۆته‌وه‌ له‌باره‌ى كۆكردنه‌وه‌ى خۆڵ‌و خاشاك، ده‌شڵێت:"بردنەوەی داوایەکمان لەسەر باتڵبونی گرێبەستی کۆکردنەوەی پارەی خۆڵ‌و خاشاک لەهاوڵاتیان کە سپێردرابوو بەکۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت"، جه‌ختیشده‌كاته‌وه‌، "بەهەمان پێوانە، ئەو گرێبەستەشی کە حکومەت لەگەڵ کۆمپانیا کردویەتی بۆ کۆکردنەوەی پارەی سزای کامێرای هاتوچۆ بەهەمانشێوە نایاساییە".

ئاوێنه‌: پارێزەر جه‌مال حه‌مەڕه‌شید له‌فه‌یسبوكى خۆى ده‌قى نوسراوێكى دادگاى ته‌میزى بڵاوكردۆته‌وه‌و نوسیویه‌تى:"بردنەوەی داوایەکمان لەسەر باتڵ بونی گرێبەستی کۆکردنەوەی پارەی خۆڵ‌و خاشاک لەهاوڵاتیان کە سپێردرابوو بەکۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت".

ده‌شڵێت:"ئەوەش بەهۆی ئەوەی کە بەپێی یاسا کۆکردنەوەی ڕسومات‌و باجی دەوڵەت ئەرکی دەوڵەت خۆیەتی نەک بیدات بەکۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت، هەر بەپێی ئەم بڕیارەی دادگای تەمییز لەمەودوا هاوڵاتیان دەتوانن پابەندنەبن بەپێدانی پارەی کۆکردنەوەی خۆڵ‌و خاشاک".

ئه‌وه‌ش هاتووه‌، "هەر بەهەمان پێودانگ لەسەر ئەم بڕیارەی دادگای تەمیز، بەهەمانشێوە کۆکردنەوەی پارەی ئاو لەلایەن کۆمپانیاوە نایاساییەو هاوڵاتیان دەتوانن پابەندنەبن تائەوکاتەی فەرمانگەی تایبەتمەند دەبێت خۆی هەڵسێت بەکۆکردنەوەی ئەو پارانە لەهاوڵاتیان".

ئاشكراشكیردووه‌، "بەهەمان پێوانە، ئەو گرێبەستەشی کە حکومەت لەگەڵ کۆمپانیا کردویەتی بۆ کۆکردنەوەی پارەی سزای کامێرای هاتوچۆ بەهەمانشێوە نایاساییە".

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×