‌له‌ عێراق؛ سزاى په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ ئیسرائیل له‌سێداره‌دان ده‌بێت
  2022-05-26       303       

به‌پێى ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ى له‌لایه‌ن لیژنه‌ى یاسایى په‌رله‌مانى عێراقه‌وه‌ ئاماده‌ کراوه‌ سزاى په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ ئیسڕائیل "له‌سێداره‌دان یان زیندانى هه‌تاهه‌تایى"ده‌بێت و ئه‌وه‌ش هه‌موو به‌رپرسان و فه‌رمانبه‌ران ده‌گرێته‌وه‌.

ئاوێنه‌: لیژنه‌ى یاسایى له‌ په‌رله‌مانى عێراق رایگه‌یاندووه‌ که‌ لیژنه‌که‌یان راپۆرتى کۆتایى خۆى له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاساى به‌تاوانناساندنى ئاساییکردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌کان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ئاماده‌کردووه‌و ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ په‌رله‌مان بۆ ده‌نگدان له‌سه‌ر پڕۆژه‌که‌ کۆده‌بێته‌وه‌ ده‌نگى له‌سه‌ر ده‌درێت.

حه‌سه‌ن ئه‌لعه‌زاری، سه‌رۆکى فراکسیۆنى سه‌در و ئه‌ندامى لیژنه‌ى یاسایى له‌ په‌رله‌مانى عێراق له‌راگه‌یه‌نراوێکدا ئاماژه‌ى به‌وه‌شکردووه‌ که‌ لیژنه‌که‌یان راپۆرتى کۆتایى خۆى له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاساى به‌تاوانناساندنى ئاساییکردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌کان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ته‌واوکردووه‌.

سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مانى عێراق بڵاویکرده‌وه‌، رۆژى پێنجشه‌ممه‌ 26ى ئایارى 2022 په‌رله‌مان کۆده‌بێته‌وه‌ و کارنامه‌ى کۆبونه‌وه‌که‌ش له‌ یه‌ک برگه‌ پێکهاتوه‌ ئه‌ویش بریتیه‌ له‌ ده‌نگدان له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاساى به‌تاوانناساندنى ئاساییکردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌کان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل.

به‌پێى ره‌شنوسى پڕۆژه‌یاساکه‌ى په‌رله‌مان هه‌ر جۆره‌ په‌یوه‌ندییه‌کى فه‌رمى و نافه‌رمى له‌سه‌ر ئاستى تاک و به‌کۆمه‌ڵیش له‌گه‌ڵ ئیسرائیل له‌ ناوه‌وه‌ یان ده‌ره‌وه‌ى عێراق، سزاکه‌ى "له‌سێداره‌دان یان زیندانى هه‌تاهه‌تایى" ده‌بێت. 

به‌پێى ره‌شنوسه‌که‌ حوکمه‌کانى یاساکه‌ به‌سه‌ر ئه‌و لایه‌نانه‌دا جێبه‌جێ ده‌کرێت:
*  عێراقییه‌کانى ناوخۆى وڵات و ده‌ره‌وه‌، به‌رپرسان و فه‌رمانبه‌رانى ده‌وڵه‌ت، ئه‌وانه‌ى بۆ خزمه‌تى گشتى راسپێردراون له‌ هاوڵاتییان و سه‌ربازان، هه‌روه‌ها ئه‌و بیانییانه‌ى له‌ناو عێراقدان.
*  سه‌رجه‌م دامه‌زراوه‌کانى ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاته‌ فیدڕاڵى و ده‌سته‌ سه‌ربه‌خۆکان.

* حکومه‌ته‌کانى هه‌رێمه‌کان و ئه‌نجومه‌نه‌ په‌رله‌مانییه‌کانیان و سه‌رجه‌م فه‌رمانگه‌ و دامه‌زراوه‌کانیان.

*   پارێزگاره‌کان و ئه‌نجومه‌نه‌کانى پارێزگا ناڕێکخراوه‌کان له‌ هه‌رێمێکدا و یه‌که‌ کارگێڕییه‌ خۆجییه‌کان و فه‌رمانگه‌کانیان.

هه‌روه‌ها(دامه‌زراوه‌ میدیاییه‌کانى عێراق، ئامرازه‌کانى په‌یوه‌ندیى کۆمه‌ڵایه‌تی، دامه‌زراوه‌کان و رێکخراوه‌کانى کۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى له‌ عێراق، کۆمپانیاکانى تایبه‌ت و کۆمپانیا و دامه‌زراوه‌ بیانییه‌کان و وه‌به‌رهێنه‌ران، گه‌شتکردن له‌ خاکى ئیسرائیله‌وه‌ و به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ قه‌ده‌غه‌یه‌).
 

زۆرترین بینراو
© 2022 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×