"هەزارو 200 كارمەندی‌ كۆمپانیای دانەغاز كە بەشێكی زۆریان بیانین بڕیاریانداوە كارەكانیان ڕابگرن"
  2022-06-26       741       


دوای‌ زنجیره‌ هێرشه‌كانی‌ سه‌ر كێڵگەی غازی كۆرمۆر، هەزارو 200 كارمەند كە بەشێكی زۆریان بیانین‌و سەرقاڵی كاركردن بون له‌كێڵگه‌كه‌، لەشەوی ڕابردوەوە بڕیاریانداوە كارەكانیان ڕابگرن تا ئەو كاتەی دۆخی ئەمنیی ناوچەكە ئاسایی دەبێتەوە. 

ئاوێنه‌: میدیاكانی‌ نزیك له‌یه‌كێتی‌ له‌سەرچاوەكانی ناو كێڵگەی غازی كۆرمۆرەوە بڵاویانكردۆته‌وه‌ كه‌ بەهۆی ئەو موشەكانەی ئاراستەی كێڵگەكەكراون هەزارو 200 كارمەند كە بەشێكی زۆری بیانین‌و سەرقاڵی كاركردن بوون لە شەوی ڕابردوەوە بڕیاریانداوە كارەكانیان ڕابگرن تا ئەو كاتەی دۆخی ئەمنیی ناوچەكە ئاسایی دەبێتەوە، بەڵام  ڕاگرتنی كاری ئەو تیمانە هیچ كاریگەری لەسەر ئاستی بەرهەمهێنان نه‌بووه‌. 

لەزانیارییەكاندا هاتووە، "بڕیاردراوە تا وەكو جەژنی‌ قوربان ئەو تیمانەی بیانین چاوەڕوان بكەن، ئەگەر دۆخەكە ئاسایی بێتەوە دەگەڕێنەوە سەر كارەكەیان، پلان هەبووە ئەگەر هەنگاوەكانیان سەركەوتوبێت تا كۆتایی ساڵ ستافەكە بۆ  سێ هێندە زیاد بكرێن، بەڵام بەهۆی ئەو دۆخەوە ئەگەر دوای جەژن بگەڕێنەوە سەركار سێ بۆ چوار مانگی دیكەیان دەوێت تاوەكو دەگەڕێنەوە خاڵی كاركردنیان له‌پێش هێرشه‌كان."

هاوكات سدیق محەمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی قادركەرەم ده‌ڵێت، هێزی پێشمەرگەو هێزە ئەمنییەكان لەسنوری كێڵگەی غازی كۆرمۆر جێگیركراون‌و هیچ مەترسییەك لەسنورەكە نییە، هێزەكانی سوپای عێراق بەئاراستەی كێڵگەی كۆرمۆر جوڵەیان پێنەكراوە."

ئاشكرایكردووه‌، "لەگەڵ بەڕێوەبەری كۆمپانیای دانەغازو سەرپەرشتیارەكانی كۆبونەوەمان ئەنجامداوەو جەختیان لەبەردەوامی كاركردن لەكێڵگە كردووەتەوەو هیچ گرفتێكیان نییە، دڵنیاییاندا لەكێڵگەكەو بەرهەمهێنانی غاز ناكشێنەوە".

له‌ماوه‌ی كه‌متر له‌هه‌فته‌یه‌كه‌دا سێجار هێرشی موشەکی کرایە سەر کێڵگەی غازی‌ کۆرمۆر له‌چه‌مچه‌ماڵ، دوایین هێرش پاشنیوه‌ڕۆی دوێنێ شه‌ممه‌ بو.
 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×