پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، لە دوای روداوێكی تەقەكردن لە سنوری بنكەی پۆلیسی كوردسات، مەفرەزەكانی بنكەكە ماڵێكیان پشكنیوەو دەستیان گرتوە بەسەر چەند پارچە چەكێكدا.
ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، كەمێك لەمەوبەر لە راگەیەندراوێكدا وتی"لەدوای ئەوەی ڕوداوێکی تەقەکردن لەسنوری بنکەی پۆلیسی کوردسات ڕویداو هاوڵاتییەک سکاڵای تۆمارکرد، مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی کوردسات لێکۆڵینەوەکانی دەستپێکردو بەڕێز دادوەر فەرمانیدا بە پشکنینی ماڵێک لەسنورەکە."
پۆلیس ئاماژەی بەوەشداوە كە سەرئەنجام تونرا لەناو ئەو ماڵەدا دەستبگیرێت بەسەر چەند پارچە چەکێکدا، لەوانە: یەک کڵاشینکۆف، دو تاپڕ، یەک ڕومانە، 360 فیشەکی کڵاشینکۆف، 30 فیشەکی دەمانچە، 24 فیشەکی تاپڕ، 21 مەخزەنی کڵاشینکۆف، یەک مەخزەنی حەفتاوپێنجی، دو شانەی دەمانچە، یەک تاقم مەخزەن، یەک قەمە.
پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەشداوە كە "لەئێستادا تەواوی چەکەکان لەلایەن پۆلیسەوە دەستی بەسەردا گیراوەو لێکۆڵینەوە بەردەوامە."