رایتس ۆوچ: وەك بەشێك لە سەركەوتكارییەكان ئێران دەستی كردوە بە دەستگیركردنی رەخنەگرانی دیار
  2022-07-12       407       
مستەفا تاجزادە، سیاسەتمەداری ریفۆرمخوازیی ئێرنی كە رۆژی 9ی ئەم مانگە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە دەستگیركرا

هیومان رایتس ۆوچ، ئەمڕۆ سێشەممە، رایگەیاند، دەستگیركردنەكانی ئەمدواییەی چەند رەخنەگرێكی دیار لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە، بەشێكی لە هەڵمەتێكی نوێی سەركەوتكردن دژبە ناڕەزایەتییە ئاشتیخوازانەكان.

ئاوێنە: بەپێی راپۆرتێكی هیومان رایتس ۆوچ، رۆژی 9ی ئەم مانگە دەسەڵاتدارانی ئێران رەخنەگرو ریفۆرمخوازی دیاریی ئێرانی مستەفا تاجزادەو هەروەها دو دەرهێنەری دیارییان بەناوەكانی محەمەد رەسوڵۆف و مستەفا ئالئەحمەد دەستگیركردو دوێنێش 11ی تەمموز جەعفەر پەناهی، كە دەرهێنەری سینەماییان دەستگیركرد.

لەبارەی ئەو دەستگیركردنانەوە، تارا سپەهری، گەورە لێكۆڵەری كاروباری ئێران لە رێكخراوی هیومان رایتس ۆوچ رایگەیاند، حكومەتی ئێران پەنای بردۆتە بەر ئەو رەخنەگرانەی كە خاوەن جەماوەرن، لەبەرئەوەی ناتوانێت یان نایەوێت، ئەو ئاڵنگارییە زۆرانە چارەسەربكات كە روبەڕوی وڵات بونەتەوە. ئەم دەستگیركردنانە دوایی، رەنگدانەوەی نیەتێكی خراپن بۆ سەركوتكردنی توڕەیی جەماوەر لەهەمبەر كەمتەرخەمییەكانی حكومەت.

مستەفا تاجزادە، كە پێشتر جێگری وەزیری ناوخۆ بوە، درەنگانی شەوی 9ی مانگ لە ماڵەكەیدا دەستگیركراوە، بەپێی میدیاكانی نزیك لە ئیتڵاعاتی ئێران، بە تۆمەتی "كاری دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی" و "بڵاوكردنەوەی درۆ بەمەبەستی نیگەرانكردنی رای گشتی" دەستگیركراوە.

هەروەها میدیای رەسمی ئێران، هەردو دەرهێنەر محەمەد رەسوڵۆف و مستەفا ئالئەحمەد-ی تۆمەتبار كردون بەوەی كە هەڵساون بە كۆكردنەوەی ئیمزا لەسەر پەیامێك بۆ پشتیوانی لەو خۆپیشاندەرانەی داوایان لێپرسینەوەیان كردبو لەبارەی روخانی باڵەخانەكەی شاری ئابادان كە تێیدا 40 كەس گیانیان لەدەستدا.

محەمەد رەسوڵۆف كە دەرهێنەرێكی خاوەن چەند خەڵاتێك و رەخنەگرێكی ئازایە، پێشتر لەسەر كارەكانی چەند جارێك دادگایی كراوە كە دوایینیان لەكۆتاییەكانی ساڵی 2020 بو و تێیدا دادگا بڕیاریدا بە زیندانیكردنی بۆ ماوەی ساڵێك و قەدەغەكردنی لە كارەكەی ئەوەش بەتۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی رژێم" بەهۆی ناوەڕۆكی فیلمەكانییەوە.

هەرچی جەعفەر پەناهی دەرهێنەرە، دوێنێ 11ی تەمموز دەستگیركراوە كاتێك سەردانی داواكاریی گشتی كردوە لە تاران بۆ پرسینەوە لە دەستگیركردنی رەسوڵۆف.

پێشتریش مستەفا تاجزادە، لە 13ی حوزەیرانی 2009، راستەوخۆ دوای هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییە مشتومڕئامێزەكەی ئێران دەستگیركراو دادگای بۆ ماوەی شەش ساڵ زیندانی سزای داو لە حوزەیرانی 2016 ئازادكرا.

هیومان رایتس ۆوچ، ئاماژەی بەوەداوە كە ئەم دەستگیركردنانە لە چوارچێوەی هەڵمەتێكی سەركوتكردندا دێن كە لە مانگی ئایارەوە دژ بە ناڕەزایەتییە ئاشتیخوازانەكان لەبەرامبەر داتەپینی دۆخی ئابوری، دەستی پێكردوە كە لەو كاتەوە دەیان چالاكوان و ژمارەیەك رۆژنامەوان دەستگیركراون و هەندێكیشیان سزایان بەسەردا سەپێنراوە.

هیومان رایتس ۆوچ رایگەیاندوە كە پێویستە دەسەڵاتدارانی ئێران هەڵمەتی سەركوتكردن دژبە ناڕەزایەتییەكان رابگرن و ئەو زیندانیانەش ئازادبكرێن كە لەسەر چالاكییە ئاشتیخوازانەكان و رەخنەكانیان لە دەوڵەت دەستگیركراون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×