تۆنی بلێر؛ هەژموونی سیاسی و ئابووری ڕۆژئاوا کۆتایی دێت
  2022-07-17       1589       

تۆنی بلێر، سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیا رایگەیاند، شەڕی ئۆکرانیا نیشانی دا کە رۆژئاوا شاهیدی کۆتایی هاتنی هەژموونە سیاسی و ئابوورییەکەیەتی، لە ژێر رۆشنایی سەرهەڵدانی چین بۆ ئەوەی بە هاوبەشی لەگەڵ رووسیا ببێتە زلهێزێک، ئەمەش روونترین خاڵی گۆڕانکارییەکانی ئەو دیمەنەیە کە جیهان بەخۆوەی دەبینێت.

ئاوێنه‌: بلێر دەڵێت: جیهان لە قۆناغێکی گۆڕانکاریی مێژوویدایە، کە دەتوانرێت بەراورد بکرێت بە کۆتایی جەنگی جیهانی دووەم یان ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت، بەڵام ئەمجارەیان، بە ڕوونی، ڕۆژئاوا لە پێگەیەکی باشدا نییە.

ئەم قسانەی تۆنی بلێر سەرۆک وەزیرانی پیشووی بەریتانیا، لە میانی وتارێکدا هات لە کۆرێکی تایبەت بۆ پشتیوانی لە هاوپەیمانی ئەمریکا و ئەوروپا .

لە وتارێکدا بە ناونیشانی “دوای ئۆکرانیا، چ وانەیەک بۆ ئێستا سەرکردایەتی ڕۆژئاوا؟” بلێر ئاشکرایکرد: ئیستا ئێمە شاهیدی کۆتایی هاتنی هەژموونی سیاسی و ئابووری ڕۆژئاواین.

وتیشی: “جیهان لانیکەم دەبێتە دوو جەمسەری یان فرەجەمسەری، گەورەترین گۆڕانکاری جیۆپۆلەتیکی ئەم سەدەیە لە چینەوەیە نەک ڕووسیا”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، شەڕی ئۆکراین ئەوەی خستووەتەڕوو کە ڕۆژئاوا ناتوانێت پشت بە چین ببەستێت “.

بلێر لە وتارەکەیدا وتویەتی: پێگەی چین وەک زلهێزێک سروشتیی و ڕەوایە، ئەو یەکێتی سۆڤیەت نییە، بەڵام نابێت ڕۆژئاواش ڕێگە بە چین بدات لە ڕووی سەربازییەوە سەرکەوتوو بێت.

دەشڵێت؛ “دەبێت خەرجییەکانی بەرگری زیاد بکەین و باڵادەستی سەربازی بپارێزین” و ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیشی “دەبێت ئەوەندە باڵادەستی(سەربازی)یان هەبێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر ئەگەرێک یان جۆرێک لە ململانێ لە هەموو ناوچەکاندا”.

ئەنتۆنی چاڕلیس لیتۆن بلێر، ناسراو بە تۆنی بلێر لەدایکبووی ٦ی ئایاری ١٩٥٣، پێشتر کاندیدی پارتی کرێکارانی بەریتانیا بوو، سەرۆک وەزیرانی شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا بووە لەنێوان ئایاری ١٩٩٧ تاکو تەممووزی ٢٠٠٧، و لە نێوان ساڵانی ١٩٩٤ تا ٢٠٠٧ سکرتێری گشتی پارتی کرێکارانی بەریتانیا بوو، یەکێک بوو لەو سەرکردانەی بەشداری باڵای ھەبوو لە شەڕی ئازادکردنی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×