محەممەدی مەولوودی کورد
  2022-07-22       194       

تاهیر قاسمی


ماوەیەکە ئیدی وەک جاران لە خوێندنەوەدا بە بڕشت نیم. تەمەن کە هەڵکشا، توانا و تاقەتیش کەم دەبێتەوە. کار وگرفتی ڕۆژانەش ئەوەندە کاتت بە دەستەوە ناهێڵێ. بەڵام بەو حاڵەش "کوردبوون"ی کاپیتان حەمەدی مەولوودە چرچم یەکبین خوێندەوە. کەمتر وا هەبووە کتێبێک دوو جار بخوێنمەوە بەڵام "کوردبوون"م جارێکی دیکەش خوێندەوە. هەڵدەگرێ جاری دیکەش بیخوێنمەوە. ئەوەندەی کار لە سەر کردم کە ڕەنگە بۆ ماوەیەک نەتوانم بگەڕێمەوە سەر خوێندنەوە و نووسینی ئەو بابەتانەی لە بەر دەستم دان. جاری وایە کە هەستێک دامدەگرێ، تەنیا بە نووسین دەتوانم خۆمی لێ دەرباز بکەم. ئەم بابەتەش بۆیە دەنووسم تا تەمی "کوردبوون" لە سەرم بڕەوێ و بتوانم بگەڕێمەوە سەر کارەکانی خۆم.


نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە تایبەت بۆ ناوچەی موکریان و شاری مەهاباد، سەردەمێکی پڕ لە ڕووداو و کارەسات بوو. ناوچەیەک کە ببوو بە گۆڕەپانێک بۆ ململانێی سیاسی و چەکداریی دەسەڵاتە ناوچەیی و جیهانی‌یەکان. بە تایبەت ململانێی نێوان دوو زلهێزی ڕووس و عوسمانی. ئیعدامی چەندان کەس لە ڕێبەرانی سیاسی و ئایینیی ناوچەکە، کوژرانی سەرکۆنسوولی ڕووس، کۆمەڵکوژ کردنی خەڵکی سابڵاغ لە لایەن سپای ڕووس، قاتی و قڕبوونی خەڵک لە برسان، سەرهەڵدانی نەخۆشیی گشتگیری تاعوون، شۆرشی سمکۆ و هاتنی بۆ ناو شاری مەهاباد، قەدەغە کردنی جلوبەرگی کوردی لە لایەن دەسەڵاتی تاران، دامەزرانی کۆمەڵەی ژێکاف، دامەزرانی کۆماری کوردستان و سەرەنجام ڕووخانی کۆمار و ئاوارە بوونی تێکۆشەران لە ڕووداوە زۆر گرینگەکانی ئەو سەردەمەن. حەمەی مەلوودە چرچ پێ بە پێی ئەو ڕووداوانە خڕەکە بوو، گەورە بوو، بوو بە لاو، بوو بە پیاو و سەرەنجام وەکوو باهۆی چەک بە دەستی ژێکاف و دواتر کاپیتان و فەرماندەیەکی پێشمەرگە لە حکومەتی کۆماری کوردستاندا تێکۆشا. ئەو لە کوردبوون پێ بە پێی گەورە بوونی خۆی، ئەو ڕووداو و پێشهاتانەشمان بۆ دەگێڕێتەوە. گەرچی خوێنەری کورد پێشتریش لە زمان کەسانی دیکەوە کەم و زۆر لە گەڵ گێڕانەوەی ئەم ڕووداوانە ئاشنایە بەڵام ئەوەی کوردبوون لە زۆربەی گێڕانەوەکانی دیکە جیا دەکاتەوە، پێگەی کۆمەڵایەتیی جیاواز، ئازایەتیی لە گێڕانەوەدا و گەورەبوون و پێگەیشتنی نووسەر پێ بە پێی ڕووداوەکانە.

کاپیتان ئەوەندەی چەرمەسەری لە ژیاندا دیتووە و ئەوەندە لە ناو چەقی کارەسات و ڕووداوەکاندا ژیاوە، پێی حەیفە نەیانگێڕێتەوە، پێی حەیفە ئەوەی دیتوویەتی نەنووسرێنەوە و ئەوەی بە سەری هاتووە لە گەڵ خۆی بچنە ژێر گڵ. بۆخۆی خوێندەوار نییە. کەچە سەوادێکی لە زینداندا پەیدا کردووە بەڵام تێیڕانابینێ دەرەقەتی نووسینەوەی ئەو هەموو کارەساتە قورسانە بێ. هەر دەست بە قەڵەمێکی دیتبێ، پرێسکەی دڵی خۆی بۆ کردۆتەوە تا بەڵکو ئەو دیکۆمێنتە مێژوویی‌یانەی کە ئەو لە سینگی خۆیدا هەڵیگرتوون، لە فەوتان ڕزگاریان بکا. بەربێژەکانی بە تەواوی هەست بەو گرینگییە ناکەن یان لانیکەم کاپیتان پێی وا بووە ئەوان گرینگی بە داواکەی نادەن. بە ناچار بۆخۆی دەست دەداتە قەڵەم و بە کوێرەکوێر و دەستەکوتە دەیاننووسێتەوە. بەڵام وا دیار ئەمجار دۆستان و ناسیاوانی ئەو بە شایانی نووسینەوەی ئەو بیرەوەریانە نازانن. یان ڕەنگە پێیان وابووبێ شتێک دەنووسێتەوە کە "زیانی بۆ پەز هەبێ." چەند جاردەسنووسەکانیان لێ وەرگرتووە و لێیان دە قۆلە هاویشتووە. ئاخر جاریش ترساندوویانە و ناچاریان کردووە بیانسووتێنێ و بیانبەتڵێنێ. ئەوەی ماوەتەوە بە هەوڵ و پێداگریی تاقە یادگاری غەریبایەتیەکەی کە کچەکەیەتی، لە سووتان و فەوتان ڕزگار بووە. خۆشەویستیی کچانەی یای ڕووناک بۆ باوکی، دە فریای ئەو دەسنووسە خواروخێچ بەڵام پڕ بەهایانە کەوتووە. دوای ڕزگار کردنیان لە سووتان، بێ ئەوەی بزانێ چیان تێدا نووسراوە، بۆ ماوەی چەند دەیە لە سندووقە یادگاریەکەی باوکیدا وەک گلێنەی چاوەکانی دەیانپارێزێ. دوا جاریش کاک وریای ماملێ، نەوەی کاپیتان پێ و سۆراغی ئەو دەسنووسانە دەگرێ، وەریاندەگرێ، کاریان لە سەر دەکا، ساغیان دەکاتەوە، بەڵگەمەندیان دەکا و لە توێی کتێبێکدا ئامادەی دەکا، پەڕاوێز و پاشکۆی بۆ دەنووسێ، وتە و لێدوانی ئاگادارانی بۆ وەردەگرێ، ئەوانەی لە بارەیەوە نووسراون یەک بە یەک کۆیان دەکاتەوە و وەک گەنجینەیەک لە مێژووی زارەکیی کورد بە دەست خوێنەری تامەزرۆی دەگەیەنێ.

حەمەی مەولوودە چرچ سەر بە چینی هەرە هەژاری کۆمەڵگای ئەو سەردەمی کوردستانە. سەرەڕای هەژاری، گەورە بوون لە بن دەستی زڕدایکێکی هار و باوکێکی پێمل بە قسە و بڕیاری زڕدایک، ژیانی ئەویان هیندەی دیکە سەخت و ئاستەم کردووە. بەڵام حەمە لە کوردبووندا وێڕای گێڕانەوەی بەدبەختیەکانی ژیانی خۆی، لە ڕووداوەکانی دەوروبەری غافڵ نییە. سەرەڕای دەربڕینی ناخی خۆی، کۆمەڵگاکەیشیمان کەم و زۆر پێ دەناسێنێ. ئازایەتی، پاکی و ڕاستگۆیی لە گێڕانەوەدا وا دەکا کە ڕووداوەکانمان زۆر بە ڕوونی پێشان بدا و هۆ و ماکەی زۆر ڕووداو و کارەساتیشمان بۆ ڕوونتر بکاتەوە. بۆ وێنە کاتێ کۆمەڵکوژ کردنی خەڵکی سابڵاغ لە لایەن لەشکری ڕووسانمان وەک فیلمێکی سینەمایی پێشان دەدا، پێشتر بۆمانی ڕوون کردۆتەوە کە ئەو خەڵکە چۆن بە دین فریو درابوون و شێخ و مەلا و قازی و خەڵیفە دەستیان دە دەستی دەسەڵاتی تورک نابوو تا لەو خەڵکە هەژارە هێزی شەڕکەر بۆ سپای عوسمانی کۆ بکەنەوە:

"(لەشکری تورکان) ڕۆژی جومعان بۆ نوێژی جومعە بە مەشقی سەربازی دەهاتنە مزگەوتی سوور. عالەمی ئەو شارە وەک پەنجەی دەستان دەهاتن بۆ زیارەتی ئەو تورکانە. زۆر کەسی وا بوو زەیارەتی دەستگیر نەدەبوو بە هەناسەساردی دڕۆیشتەوە ماڵ وەک بڵێی دونیا کۆتایی پێهاتبێت."

یان؛

"(تورکەکان) لەشکرێکی زۆریان لە خەڵکی سابڵاغ کۆ کردەوە کە بەشی هەرە زۆریان خۆبەخش بوون. خۆشییان دە دڵیدا دەگەڕا کە دەچن بۆ خەزایە. پێیان وا بوو بێتوو بکوژرێن ئەوە شەهیدن و نەشکوژرێن، ئەوە بەشداری خەزایان کردووە و فەڕزی ئیسلامیان بە جێ گەیاندووە."

دامەزرانی کۆمەڵەی ژێکاف و دواتر کۆماری کوردستان، وێستگەیەکی زۆر گرینگ لە ناوەرۆکی کوردبوونە. لەو بەشەدا خوێنەر لە زمان کەسێکی نەخوێندەوار و سەر بە چینی هەژاری کۆمەڵگای ئەو سەردەمی مەهاباد جموجۆڵەکانی کۆمەڵە، کێشە ناوخۆییەکانی، هەڵکرانی ئاڵای کوردستان و دامەزرانی کۆمار، کەسایەتیی پێشەوا قازی محەممەد و کاربەدەستانی دیکەی کۆمار دەخوێنێتەوە. تا ڕادەیەک لە هەڵوێست و هەڵسوکەوتی چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی ئەو کاتی کۆمەڵگای کوردستان لە حاند کۆماری کوردستان و دەسەڵاتی ناوەندیی تاران حاڵی دەبێ. هەر لە ئەوانەوە کە ڕاستەوخۆ دژی کۆمار بوون و بڕیاری کوشتنیان درابوو تا ئەوانەی لە سەرەوە لە گەڵ کۆمار و لە بنەوە لە گەڵ دەسەڵاتی ناوەند بوون و ئەوانەش کە دەست بە گۆچان لە گەڵ کۆمار دەڕۆیشتن تا دواڕۆژی خۆیان نەسووتێنن. خوێنەر ئەو زانیاریانە لە هزر و ڕوانینی کەسێکەوە وەردەگرێ کە بۆخۆی نە سەر بە چینی دەسەڵاتداری شێخ و ئاغا بوو، نە فەقێ و مەلای ناو حوجرە و مزگەوتان و نە لە خوێندەوارانی سەر بە چینی وردە بورژوای شار. ئەو پێشمەرگەیەکی نەخوێندەواری تا سەر ئێسقان کورد بوو. لەوانەی دواتر بە هەراوی تێکەڵ بە بزووتنەوەی نەتەوایەتیی کوردستان بوون و لە پێناو سەرخستنی خەباتی نەتەوەکەیاندا، دەریایەک خوێنیان دا بێ ئەوەی چاوەڕوان بن ناویان هەبێ یان بچووکترین پاداشیان پێ بدرێ. کاپیتان محەممەدی مەولوودی لەو کەسانە بوو کە بەو پەڕی سەداقەت و لە خۆبوردوییەوە لە خزمەت کۆماردا، دژ بە دوژمن "دواڕۆژ و مواڕۆژی تێدا نەهێشتبۆوە". لەوانەی کە تا ئێستا کەمتر خزمەتەکانی خۆیان نووسیوەتەوە و کەمتر خوێندراونەتەوە.

بەشێکی دیکەی گێڕانەوەکانی کاپیتان، بۆ سەردەمی ڕووخانی کۆماری کوردستان و ئاوارە بوونی ئەو و تێکۆشەرانی دیکە دەگەڕێتەوە. ئەگەر لە ژان و ئازارەکانی هەڵاتن و ئاوارەیی بگەڕێین، فیداکاری و لەخۆبوردوویی خەڵکی باشووری کوردستان بۆ ڕزگار کردن و داڵدەدانی تێکۆشەرانی کۆماری کوردستان لە زمان نووسەرەوە مچوڕک بە لەشی خوێنەردا دێنێ و شانازیی کوردبوون بە خوێنەری کورد دەبەخشێ. تەنانەت شێخەکانیش کە پێشتر لە دیوی کوێستان حەمە بە دەستیانەوە دەیناڵاند، لە دیوی گەرمێن بۆی دەبن بە پشت و پەنا و ئامادەن لە سەر ئەو ململانێ لە گەڵ دەسەڵاتی داگیرکەر بکەن و مریدان و نیزیکانی خۆیانی بۆ فیدا بکەن.

کوردبوون خاوەنی چەندان تایبەتمەندییە کە ئەگەر کاک وریا نێوەنێوە خەتە خوار و خێچەکەی کاپیتانی دانەنابا و بەردەوام وەبیری نەهێناباوە، ڕەنگە خوێنەر هەستی نەکردبا کە نووسینی کەسێکی کەم خوێندەوار و کەم ئەزموون لە نووسیندا دەخوێنێتەوە. بە خوێندنەوەی کوردبوون گەلێک وشەی کەمتر لە بیر ماوی وەک زنج، قارەوانە، جامین، بادەوە، هۆمەن، گرژاڵ و... وەبیر هێنراونەتەوە و زیندوو کراونەوە. ناوی زۆر شوێنی وەک باغی حەسەنخان، مێشەی کوردان، باغی ساوا (پەڕاوێز)و.. کە لە گۆرانیاندا تۆمار کراون و لە یاداندا نەماون لە کوردبووندا تۆمار کراونەتەوە و وەبیر هێنراونەوە. تەنانەت لە گێڕانەوەشدا زۆر جار تووشی شێوازێکی کەمتر دەکارهاتوو دەبین ئەویش ئەوەیە کە زۆر جار زەمانی گێڕانەوەی ڕووداو دە ناو ڕووداودا بۆ زەمانی حاڵ دەگۆڕێ. ئەو شێوە گێڕانەوەیە ئەگەرچی لە زمان بە ساڵاچووانی ناوچەکەدا هەیە بەڵام کەمتر لە نووسین‌دا باو بووە؛ "... (زڕدایکم) وەسەر پلیکانان دەکەوێ و منیش بە دووی دا. بۆ چما هەر دوو مەنجەڵان لەو حەوایەی ڕا بە سەرمدا نادا! لەو سەرەی ڕا خوللۆر دەبمەوە خوارێ و دەمرم و گیانم دەبەردا نامێنێ.." سەرەتا کە دەستم بە خوێندنەوە کرد و تووشی ئەو حاڵەتە هاتم، هەستم بە قۆرتێک لە خوێندنەوەدا کرد و لە دڵی خۆمدا گلەییم لە بەڕێز وریا ماملێ کرد کە بۆچی ئەو شێوە گێڕانەوەیەی نەگۆڕیوە و نووسینەکەی ڕەوان نەکردووە بەڵام کە زیاتر دەنێوە چووم و لێی ڕاهاتم، هەستم کرد ئەو شێوەیە چێژێکی زۆر خۆش و تایبەتی بە گێڕانەوەکان داوە.

سەرجەم بەشەکانی کوردبوون و یەک بە یەکی بەسەرهات و ڕووداوەکان لە زمان کاپیتانەوە بۆ ئەوە دەبن هەڵوێستەیان لە سەر بکرێ و لە سەریان بنووسرێ. هەموو ڕووداوەکانی ناو کوردبوون بۆ خوینەر سەرنجڕاکێشن. کتێبەکە پڕە لە ڕووداوی سەرنجڕاکێش و زیاتریش تراژیک و خەمهێنەر. بەڵام تراژێدیترین بەشی کوردبوون ئەو بەیانییەیە کە کاپیتان بلیتی فڕۆکەی بڕیوە، بۆینباخی بەستووە و لە خۆشی گەڕانەوەی بۆ کوردستان، لە چاوەڕوانیی هاتنی کچەکەیدا کە قەرارە بە دوایدا بێ و بیبا بۆ فڕۆکەخانە، لە سەر مۆبڵەکەی دڵی تۆقیوە. ئەو یەک لە شەیداترینەکانی کوردستان بوو و شایانی ئەوەیە لە گۆڕەپانێکی شارەکەیدا پەیکەری بۆ بڕازێندرێتەوە و لە گوێن نووسراوی سەر کێلەکەی هەڵدەگرێ ناوی "محەممەدی مەولوودی کورد" بۆ هەتاهەتایە لە یاد و هزری خەڵکی شارەکەی و وڵاتەکەیدا بمێنێتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2022 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×