ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند، پێنج بازرگان و دەڵاڵ كە بەنایاسایی مامەڵەیان بە زەوی و زارو موڵكی گشتییەوە كردوە، دەستگیركراون و بڕیاری دەستگیركردنیش بۆ دەیان لێپرسراو و فەرمانبەری دامەزراوە کارگێڕییەکان و چەندین کەسی تر کە وەک بریکارو دەڵاڵی زەوی و زار مامەڵەی نایاساییان راییکردوە، لەلایەن دادگاوە دەرچوە.
ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد" بەبڕیاری بەڕێز دادوەر پێنج بازرگان و دەڵاڵ کە بەڕێکاری نایاسایی مامەڵەیان بە زەوی و زار و موڵکی گشتییەوە کردوە دەستگیرکراون."
وتوشیەتی"دەیان لێپرسراو و فەرمانبەری دامەزراوە کارگێڕییەکان و چەندین کەسیش کە وەک بریکار و دەڵاڵی زەوی و زار مامەڵەی نایاساییان راییکردوە، لەلایەن دادگاوە بڕیاری دەستگیرکردنیان بۆ دەرچوە و لەلایەن ھێزەکانمان بە ھەماھەنگی لەگەل ھێزەکانی کۆماندۆی کوردستان رێوشوێنی پێویستی بۆ وەرگیراوە و دەستگیرکردنیان چوەتە بواری جێبەجێکردنەوە."
ئاماژەی بەوەشداوە كە "لەچەند رۆژی داھاتوشدا بەردەوام دەبین لەدەستگیرکردنی ھەمو ئەوانەی لەسەر بەرژەوەندی گشتی و مافی خەڵک پۆستەکانیان بۆ كاری نایاسایی قۆستوەتەوە."
ئاسایشی سلێمانی وتوشیەتی"بۆ ھەمولایەکیشی رون دەکەینەوە ئەو کەسانەی بڕیاری دەستگیرکردنیان بۆ دەرچوە پۆست و دەسەڵاتی خۆیان لە فەرمانگە حکومییەکان بۆ کاری نایاسایی و دور لە رێنماییەکان و رەوشتی بەرزی فەرمانبەری بەکارهێناوە، لەبەرامبەر رەشوە مامەڵەی خەڵکی تریان تێپەڕاندوە و چەندین دۆسیەی زەوی و زار و موڵکی گشتییان لەدەرەوەی یاسا بەرکارەکانی ھەرێم داگیرکردوە، بەکرێگیراوبون و لەبەرامبەر بڕە پارەیەکدا ئەو کارانەیان ئەنجامداوە."
دەقی راگەیەندراوەكە:
بەبڕیاری بەڕێز دادوەر پێنج بازرگان و دەڵاڵ کە بەڕێکاری نایاسایی مامەڵەیان بە زەوی و زار و موڵکی گشتییەوە کردوە دەستگیرکراون، دەیان لێپرسراو و فەرمانبەری دامەزراوە کارگێڕییەکان و چەندین کەسیش کە وەک بریکار و دەڵاڵی زەوی و زار مامەڵەی نایاساییان راییکردوە، لەلایەن دادگاوە بڕیاری دەستگیرکردنیان بۆ دەرچوە و لەلایەن ھێزەکانمان بە ھەماھەنگی لەگەل ھێزەکانی کۆماندۆی کوردستان رێوشوێنی پێویستی بۆ وەرگیراوە و دەستگیرکردنیان چوەتە بواری جێبەجێکردنەوە. لەچەند رۆژی داھاتوشدا بەردەوام دەبین لەدەستگیرکردنی ھەمو ئەوانەی لەسەر بەرژەوەندی گشتی و مافی خەڵک پۆستەکانیان بۆ كاری نایاسایی قۆستوەتەوە.
بۆ ھەمولایەکیشی رون دەکەینەوە ئەو کەسانەی بڕیاری دەستگیرکردنیان بۆ دەرچوە پۆست و دەسەڵاتی خۆیان لە فەرمانگە حکومییەکان بۆ کاری نایاسایی و دور لە رێنماییەکان و رەوشتی بەرزی فەرمانبەری بەکارهێناوە. لەبەرامبەر رەشوە مامەڵەی خەڵکی تریان تێپەڕاندوە و چەندین دۆسیەی زەوی و زار و موڵکی گشتییان لەدەرەوەی یاسا بەرکارەکانی ھەرێم داگیرکردوە، بەکرێگیراوبون و لەبەرامبەر بڕە پارەیەکدا ئەو کارانەیان ئەنجامداوە.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی
١٩ی ئابی ٢٠٢٢